سهرچاوه: مالپهری خەڵك-ئارام سەردار
دووای ئەوەی پێنچ شەممەی ڕابردوو پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان لەلایەن پەڕلەمانەوە پەسەندكرا، ئەمڕۆ یەك شەممە ۱۹ی كانوونی دووەمی ۲۰۲۰ ڕەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كرا.
بەپێی زانیاریەكانی (خەڵك) پەڕلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی بەمەبەستی واژۆ كردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەئەمڕۆ یەك شەممە ۱۹ی كانوونی دووەمی ۲۰۲۰ ڕەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كردووە.
بەپێی یاسای چاكسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان، ئەندامانی پەڕلەمان ئەوانەی خواستیان نیە خانەنشین ببن دەتوانن خانەنشینی ڕەتبكەنەوە، هەروەها ئەندامانی پەڕلەمان لە خولی پێنجەم و خولەكانی تریش بەهەمان شێو،ە كە خواستیان نیە خانەنشین ببن دوای دەرچوونی یاساكە و واژۆ كردنی كردنی لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەتوانن لە دیوانی پەڕلەمانی كوردستان داوا پێشكەش بكەن و خانەنشینی ڕەتبكەنەوە، بەشێوەیەك داواكاریەكەیان لە ماوەیەك، كە لە (۳٠) ڕۆژ لە ڕێكەوتی دەرچوونی یاساكە تێپەڕنەكات، پەڕلەمانتاران دەتوانن لە دیوانی پەڕلەمانی كوردستان داوا پێشكەش بكەن خانەنشینی ڕەت بكەنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێك ڕاگەیەنراوە و تێیدا چالاكوانان و هاووڵاتیان داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەن یاساكە واژۆ نەكات و خانەنشینی پلەباڵاكان هەڵوەشێنێتەوە و مووچەی خانەنشینانی شارستانی زیاد بكرێت لەگەڵ گێڕانەوەی پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران.