*هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن ڕیسوا و ئیدانە دەکەین*

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان ...
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی 17ی ئابی 2026 لەو دیوی سنووری ئێرانەوە بە درۆن هێرشكرایە سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ریسواو ئیدانەی دەکەین و، بە هەڕەشە و پێشهاتێکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
بێگومان بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانەی لە ناوچەكەدا روویانداوەو هەن، بۆیە ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
هیچ کات هێرش و پەلامار نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن، بەڵکو وایانکردووە گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سوورتر و خۆڕاگرتر بن لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکان، لێرەوە وەک هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین و داواکارین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکان یەكڕیز و هاوهەڵوێست بین بۆ پاراستنی کوردستان لەهەر هێرش و دەستدرێژییەک.


مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
17ى ئابی 2026

 

© yndk.com. All Rights Reserved. Designed By hostrain.co