شاندێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی بەستی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و پێویستی یەکێتی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا، سەردانی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان-یان كرد و لەلایەن سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و چەند ئەندامێكی دیەكەی یەكێتییەکەوە پیشوازییان لێكرا.
سەبارەت بە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و ئەنجامی کۆبوونەوە و هەوڵەکان لەو بوارەدا، كەریم بەحری، جێگری سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: پەیوەندییەكانی ئێمە وەكو یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، لەگەڵ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ساڵەی كە یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان دامەزرا، پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كەنەكە هەمیشە پتەوبوون هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەكانمان زۆر لە یەكترەوە نزیكن ئەویش ئامانجی نەتەوەیی و دیموكراسی و نشتیمانییە.
وتیشی: لە ڕابردوودا بۆ بەستی كۆنگرەی نەتەوەیی کۆبوونەوەی بەرفراوان لە نێوان تەواویی لایەنە سیاسیەكاندا کرا و لەو ڕووەشەوە هەنگاوی باشنرا، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت، بۆیە لە دانیشتنی ئەمجارەمان لەگەڵ شاندی كۆنگرەی نەتەوەیی كەنەكە بیر و ڕامان لەوبارەیەوە ئاڵوگۆڕكرد.
جێگری سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، ڕاشیگەیاند "ئێمە وەكو یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ئامادەباشی خۆمان نیشاندا بۆ ئەوەی هاوكار و هەمەئاهەنگی كەنەكە بكەین بۆ كۆكردنەوەی تەواوی لایەنە سیایەكان بۆ ئەوەی بتوانین بە هەوڵی ئێمەوە و برادەرانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كەنەكە ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت".
سهرچاوه: رۆژنیوز