شاخهوان خاليد
دوای سەركەوتنی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ و ئازادكردنی سەرجەم شار و شارۆچكه و گوند و دێهاتهكانى باشووری كوردستان، بۆ كۆنترۆڵ كردنەوەی ئهو ناوچانه، ڕژێمی بەعسى رووخاو هێزێكی زۆری كۆكردەوە و بەهاوكاری هێز و چهكدار سهر به گرووپه جياكان، هێرشيان كرده سهر باشوورى كوردستان و، هەزاران هاووڵاتی ماڵ و حاڵ و زێديان جێهێشت و بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا كۆچیان كرد .
ئەو كۆچە بهكۆمهڵه، بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی ١٩٩١ ناسرا، سەددام حوسێنى ديكتاتۆر ھەستی بە مەترسی کۆڕەوەکە کردبوو ھەر بۆیە بە مەبەستی دامرکاندنەوەی رق و كينهى ڕاپەڕین و بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێونەتەوەیییەکانی سەر عێراق ھەوڵیدا بە چەند بەڵێنی ساختەوە ھەوڵیدا بەرەی کوردستانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت تا ببێت پەیامێک بۆ جیھان کە کۆرەو بهم شێوهيه كارهسات نيه.کۆڕەوی ملیۆنی کە پشتگیری نێونەتەوەیی بە دوای خۆیدا ھێنا نەیھێشت دەستکەوتی ڕاپەرین بە فیڕۆ بچێت لە ڕێگەی جووڵاندنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە بوو کە ناچاری کرد پشتگیری لە گهلى كوردستان بکەن کۆرەو پەیامێک بوو بۆ جیھان کە کورد برسێتی و ئاوارەبوونی لە مانەوە لە ژێر دهستهيى بەلاوە گرنگتره.
بۆيه ناوچەی دژە فڕین دياريكرا و ئەوکات «دانیاڵ میتران» ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا، یەکێکە لەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بینی بۆ ئەوەی فەڕەنسا پرسی کورد بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودهوڵهتى و وای کرد بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی «ناوچەی ئارام» دەربکرێت.
بەھۆی کۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا کە ڕژێمی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتەوه سەر گەلی کوردستان .
لە٥ی نیسانی ١٩٩١ (بڕیاری٦٨٨) درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی ھێڵی ٣٦ بۆ کورد دابنرێ، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی (ئەنجەرلیک) لە تورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە).
ناردنی ھێز بۆ پاراستنی خەڵکی لە کاتی گەڕانەوەیاندا ئەم بڕیارە و ئيڕادهى گهلى پۆڵايينى كوردستان بووە ھۆی دامەزراندنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ و پێكهێنانى حکوومەتی ھەرێمی کوردستان كهبهرى رهنجى ههزاران شههيدى رێى ئازادى و سهربهخۆيى كوردستانه.