غەفوور مەخموورى لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە: با نەورۆزى ئەمساڵ بکەینە نەورۆزى یەکڕیزى و یەکدەنگیمان

میدیا - هەولێر:

 

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە، وێڕاى پیرۆزبایى لە گەلى کوردستان و ماڵباتى شەهیدان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان، جەختدەکاتەوە سەر رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و کارکردن بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى و، رایدەگەیەنێت کە تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان دەتوانێت پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى بکات و بگات بە‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

پەیامى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە

- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...

- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...

- هێزەکانى پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان ...

جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت ...

بەبۆنەی هاتنەوەى جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و حزب و لایەنە سیاسییەکان رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و گەریلا و شەڕڤانان و زیندانیانى سیاسى نێو زیندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەكەم و، ئاواتەخوازم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی هێنانەدى سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان و رزگاربوونی نەتەوەكەمان لەژێردەستی داگیركەران.

نەورۆز سیمبوڵی ئازادى و ژیانەوەو نوێبوونەوەو دەستپێكردنی ژیانێكی نوێیە، هیڤیدارم ئێمەی كورد وەكو نەورۆز دەست بە ژیانێكی نوێتر بكەین و کارنامەو بەرنامەیەكی نوێ‌ بۆ کارو خەباتى داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئازادى و سەرخۆبوون و ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین و، نەورۆزى ئەمساڵمان بکەینە نەورۆزى یەکڕیزى و یەکدەنگیمان، بێگومان ئەمەیش بە رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدى، لەم پێناوەدا پێویستە بە زووترین کات چەترێکى هاوبەش بە بەشدارى تەواوى هێزو لایەنەساسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت و، ببێتە خاڵى کۆکەرەوەى هەموو لایەک، بێگومان ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى باشوورى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى نەتەوەیى پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکبوونى کوردان و بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بکەین کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى كوردستانی مەزن بگرێتەخۆ و ببێتە خاڵى کۆکەرەوەى هەموو لایەکمان، ئەمەش ئەڕکێکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەم قۆناخە چارەنووسسازەى خەباتى گەلى کوردستانە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە کار بۆ ئەو ئامانجە بکەین، لەبەرئەوەى تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى دەتوانین پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بکەین و بگەین بە‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.

- جەماوەرى تێکۆشەرو خۆڕاگرى کوردستان ...

نەورۆزى ئەمساڵمان لەگەڵ نەورۆزى ساڵانى رابردوو جیاوازە، لە لایەک دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامن لە جێبەجێکردنى سیاسەتى دژایەتیکردن و پەراوێزخستن و برسیکردنى گەلى کوردستان و، لەلایەکى دیکەوە رژێمى داگیرکەرى تورکیا سەرەڕاى دژایەتى و پێشێلکارییەکانى بەرامبەر نەتەوەکەمان لە باکوورى کوردستان، بەردەوام شەڕ بە باشوورو رۆژئاواى کوردستان دەفرۆشێت و، بەردەوامە لە موشەکبارانکردنى گوندە سنوورییەکان باشوورى کوردستان و، هەروەها بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاواى کوردستان و باوەڕى بەهیچ دیالۆگ و چارەسەرێکى ئاشتییانە نیە و، رژێمى داگیرکەرى تورکیا هیچ داخوازییەکانى کوردان قبوڵ ناکات و تەنها دەیەوێت مەرجەکانى خۆى بسەپێنێت و، بزووتنەوەى رزگاریخوازى نیشتمانیى کوردستان لاوازو بێدەنگ بکات، هەروەها رژێمى داگیرکەرى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى چالاکوانان و گەنجانى نەتەوەکەمان، لەلایەکى دیکەوە؛ دواى گۆڕانکارییەکانى سوریاو رووخانى رژێمى بەعس لە سوریا، ئەوانەى کەوا دەسەڵاتى ئێستاى سوریایان گرتۆتە دەست، روانینیان هەمان روانینى رژێمى رووخاوى سوریایە بۆ پرسى کورد و، بگرە خراپتریشن و دژى هەموو پێکهاتەکانى سوریان، وەک بینیمان لە نووسینەوەى دەستوورى سوریا دانیان بەهیچ پێکهاتەیەکى ناو سنوورى داتاشراوى سوریا نەنا، هەروەها هەموو لایەک بینیمان دەسەڵاتى ئێستاى سوریا چۆن جینۆسایدى پێکهاتەى عەلەوییەکانى کرد و بەردەوامیشە لەسەر کارە تیرۆریستى و توندو تیژییەکانى، بێگومان تێکڕاى ئەم تاوانانەى (تورکیا و عێراق و سوریا و ئێران) بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەنجامدەدرێن و، وڵاتانى زلهێزى ویژدان مردوو بێدەنگن و ئارەقەى شەرمەزاریان لێدەتکێت، لێرەوە جارێکى دیکە زۆر بەتوندى تەواوى سیاسەتى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، لەهەمان کاتدا سڵاوو رێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکى خۆڕاگرى گەلەکەمان لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواو باشوورى کوردستان، لە ئامەد و مەهاباد و قامشلۆ و، کەرکوک و عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو زوڵم و داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجى قورسى ئەو سەرەڕۆییانەى خۆیان دەدەن و دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.

- کوردستانییانى خۆشەویست ...

بەڵێ ؛ کوردستان لە رەوشێکى وا ناسک و هەستیاردایە و، داگیرکەران لەهەر چوار لاوە کاردەن بۆ پەراوێزخستن و بێکاریگەر هێشتنەوەى کورد لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانى رۆژهەڵاتى ناڤیندا، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە بە بەرنامەو کارنەمەیەکى نوێ و یەکگرتووانە رووبەڕووى ئەو پیلان و سیاسەتە گڵاوانانەى داگیرکەرانى کوردستان بوەستینەوە و، رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و، بەرژەوەندى تەسکى حزبى بخەینەلاوە و کوردایەتى بکەین نەک حزبایەتى، ئەمەش دەبێتە زامنى بەهێزبوون و پێشکەوتن و مانەوەمان و گەیشتنمان بە مافە رەواکانمان.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەك.

هەر بژین و سەركەوتووبن و سەربەخۆیی كوردستان ببینن.

بژى کورد ... بژى کوردستان ...

دڵسۆزتان

غەفوور مەخمووری

سكرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

21 / 3 / 2025