سكرتێری گشتیی YNDK سەردانى بەرەی گەل دەكات

میدیا - هەولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ 16 / 5 / 2026، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی بارەگای سەرەکی بەرەی گەل-ی لە شاری هەولێر كردو، لە دیدارەکەدا باسیان لە رەوشى سیاسى کوردستان پەیوەندى نێوان هەردوولا کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، به‌یاوه‌ری هه‌ڤاڵ (د. شاخەوان خالید کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قەهار مەخمووری و شاکر هاشم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، سەردانی بارەگای سەرەکی بەرەی گەل-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (شادمان مەلا حەسەن و لیوا فەیسەل خەلەکانی)یەوە پێشوازیكران، لەدیدارێکى برایانەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلى كوردستان لەو گۆڕانكارییانەی كە روویانداوەو دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی گەلى كوردستان لەو گۆڕانكارییانەدا بەفاكتەری سەرەكی سه‌ركه‌وتنى گەلی كوردستان وەسفكرا.
هەر لە دیدارەکەدا؛ سكرتێری گشتیی YNDK باسی لە ئازادی کاری سیاسی لە کوردستان کرد و، جەختی کردەوە سەر ئەوەی کەوا پێویستە ڕێز لە خواستی لایەنە سیاسییەكان بگرێت و زوڵم لە هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت، لەم سۆنگەیەوە هیوای خواست کەوا بەزووترین کات بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵانی ئازاد بکرێن.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.