کۆڕەو خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی گەلى كوردستاندا... نووسینى: غەفوور مەخموورى*

راپەڕینى بەهارى ١٩٩١ رووداوێکى دیرۆکى مەزن بوو لە ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستان و، کوردستانى گواستەوە قۆناخێکى سیاسیى گرنگ، دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی گەلی كوردستان، قۆناخێكی نوێ‌ لە ژیانی سیاسیی باشووری كوردستان دەستپێدەكات، كە جیاوازە لە ژیانی سیاسیی پێشتر، لەبەرئەوەی راپەڕین بووە هۆی هەڵتەكاندنی تەواوی دەزگا و دامەزراوەكانی رژێمى بەعس لە كوردستان ‌و، بۆ یەكەم جار توانرا زۆربەی هەرەزۆری شارو شارۆچكەكانی كوردستان بە كەركوكیشەوە رزگار بكرێ‌‌ و بكەوێتە دەست گەلی كوردستان، هەرچەندە سەرەتا راپەڕین لەلایەن رژێمی بەعسەوە سەركوتكرا و، سوپاى عێراق لە ٣١ / ٣ / ١٩٩١ بە فڕۆکە و تانک و جۆرەها چەکى گران هێرشیکردە سەر شارو شارۆچکەکانى کوردستان و، كۆڕەوی خەڵكی كوردستان دەستیپێكرد، گەلى کوردستان لە کۆچێکى ملیۆنیدا بە ژن و پیاو و منداڵ شارو شارۆچکەکانى کوردستانیان جێهێشت و روویانکردە چیا و چۆل و، بەمەش گەورەترین کارەساتى مرۆیى روویدا، بەڵام كۆڕەو سەرەڕای ئازارو مەینەتییەكانی دەرگایەكی مەزنتری بۆ گەلی كوردستان كردەوە.
رۆژی ٣ / ٤ / ١٩٩١ چەند وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان، بە دەستپێشخەرى فەرەنسا یاداشتێكیان بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان UN بەرزكردەوە و تیایدا باسیان لەو كۆڕەوە ملیۆنییەی گەلى کوردستان كرد، کە لە ترسى هێرشەکانى سوپاى عێراق بەرەو سنوورەكانی (توركیا و ئێران) لە كۆچێكی مەترسیداردان و واش چاوەڕێیان دەكرد كارەساتی گەوەری مرۆیی لێ بكەوێتەوەو هەمووى کۆمەڵکوژ بکرێن، هەر بۆیە رۆژی ٥ / ٤ / ١٩٩١ ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى نەتەوە یەكگرتوەكان کۆبۆوە و، لە کۆبوونەوەی ژمارە (٩٢٨٢)یدا، بە پشتبەستن بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارى ٦٨٨ى دەركرد، ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە هەڕەشەكانی بەعس‌ دەرچوو، بەپێى ئەم بڕیارە ناوچەی دژە فڕین (NO FLY ZONE) لە سەرووی هێڵی (٣٦) دروستکرا، دەرچوونى ئەم بڕیارە وایكرد خەڵكی كوردستان دواى بینینى ئازارو مەینەتییەکى زۆر بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌ و حاڵی خۆیان.
دواى گەڕانەوەى خەڵکى کوردستان بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە شارو شارۆچکەکان، دواتر سەرکردایەتیى بەرەى کوردستانى و رژێمى بەعس دەستیان بە گفتو گۆ و دانوساندن کرد، تا ئەو کات بەشێک لە فەرمانگەکانى عێراق لە کوردستان مابوون، لە تەمووزى ١٩٩١ جەماوەرى هەولێر لە دوو خۆپیشاندانى جیادا داواى نەمانى یەکجارى بەعسیان کرد لە کوردستان، دواى شكستهێنانى گفتوگۆكانى نێوان به‌ره‌ى كوردستانى و ڕژێمى سه‌دام حوسێن، دواى ئەوەى رژێمى بەعس گەیشتە باوەڕى تەواو کە چیتر ناتوانێ لە کوردستان بمێنێتىەوە، حكومه‌تى عێراق لە ٢٦ / ١٠ / ١٩٩١ ده‌ستیكرد به‌كێشانه‌وه‌ى تەواوى فەرمانگە و ده‌زگا ئیدارییه‌كانى خۆى له ‌شارو شارۆچکەکانى كوردستان، بەمەش بۆشاییەکى یاسایى و ئیدارى لە کوردستان دروستکرد.
بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى یاسایی و ئیدارى و خۆبەڕێوەبردن؛ سەرکردایەتیى سیاسیى بەرەى کوردستانى بڕیارى هەڵبژاردنیدا و لێژنەیەکى تایبەتمەندى لە (١٥) ياساناس پێکهێنا، لێژنەکەش لە چه‌ند کۆبوونەوەیەکدا کە له‌ ماوه‌ى نێوان ٢٣ / ١٢ / ١٩٩١ تا ٢٨ / ١ / ١٩٩٢ ئه‌نجاميدا، پڕۆژه‌ یاسایه‌كیان به‌ناوى (یاساى ژماره‌ "١" بۆ ساڵی ١٩٩٢ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى كوردستان - عێراق) پێشكه‌ش به‌ سه‌ركردایه‌تیى سیاسيى به‌ره‌ى كوردستانى كرد و، له‌ ڕۆژى ٢٨ / ٤ / ١٩٩٢ له‌لایه‌ن به‌ره‌ى كوردستانييەوە په‌سه‌ندكرا و بڕیارى له‌سه‌ردرا و، سەرکردایەتیى بەرەى کوردستانى بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنیدا.
ئەوە بوو لە ١٩/٥/١٩٩٢ بۆ یەكەم جار گەلی كوردستان ئازادانە روویانكردە سندووقەكانی دەنگدان‌ و یەكەم پەرلەمانی كوردستانیان هەڵبژارد ‌و، پاشان لە رۆژى ٤ / ٧ / ١٩٩٢ پەرلەمان متمانەی بە یەكەم كابینەی حكومەتى کوردستاندا، لێرەوە گەلی كوردستان بووە خاوەن (پەرلەمان و حکومەت)ى خۆى و، رووبەڕووی ئەزموونێكی نوێ‌‌ و ژیانێكی سیاسیی نوێ‌ بۆوە، كە ئەویش بەڕێوەبردنی وڵات ‌و حوكمدارییە، ئەوەبوو ئەڕكی رێكخستنەوەی دەزگاو دامەزراوەكان‌ و داڕشتن‌ و دانانی یاسا و كاری خۆبەڕێوەبردن بەو پەرلەمان‌ و حكومەتە سپێردرا، ئەو دامەزراوانەیش كەوتنە كارو خەبات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە دەتوانین بڵێین راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و کۆڕەوى گەلى کوردستان خاڵی وەرچەرخان بوون لە مێژووی گەلى كوردستان‌ و گەلی كوردستانیان خستە قۆناخێكی نوێ‌ بەهەموو ماناكانییەوە.
* سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK