ڕۆژی چوارشەممە ، ڕێکەوتی 20ی 5ی 2026، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە یاوەری هەڤاڵان (شاکر هاشم و پاڵە گەردی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و مەعروف وسو ئەحمەد بەرپرسی هەرێمی سۆران-ی YNDK )، سەردانی دەزگای زاری كرمانجیان كرد و، بە گەرمی لە لایەن بەڕێزان (ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەبەری دەزگا و ژمارەیەک لە كارمەندانى دەزگاکە) پێشوازی كران.
لە دانیشتنێکی برایانەدا باسیان لە دوا گۆڕانكارییەكانی كوردستان و ناوچەکە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ڕەوشی ڕاگەیاندن لە كوردستان کرا و، غەفوور مەخموورى ئاماژەى بەوەدا کەوا پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى و، وتى: (لەسەر دەزگا و دامەزراوەکانى راگەیاندنى کوردستانە "بینراو و بیستراو و خوێنراو" کەوا خۆ لە بابەتى لابەلا بەدوور بگرن و، هەوڵبدەن پەیامى لێبوردەیى و ئاشتی و خۆشەویستى بڵاوبکەنەوەو زیاتر بایەخ بە هۆشیارى نەتەوەیى بدەن و رۆڵ بگێڕن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختیانكردەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان.