میدیا _ هەولێر:
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 1 / 2 / 2020، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی بارەگای PKRK ی لە هەولێر كردو، ئامادەی رێوڕەسمی بیست و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی PKRK بوو، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونی زیاتری خواستن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەری هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەكەلی كارگێڕی مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییەكانى YNDK)، سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان PKRK _یان لە شاری هەولێر كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان كاك باپیر كامەلا سكرتێری پارت و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی PKRK پێشوازی كران، لە سەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK بەبۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی PKRK پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی پێڕاگەیاندن و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونی زیاتری بۆ خواستن، هەروەها جەختیكردەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەى نێوان هەردوولا، لەبەرامبەردا سكرتێری PKRK بەناوی خۆی و سەركردایەتی پارتەكەوە سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستەكانی سكرتێری گشتی و سەركردایەتی YNDK ی كرد بەرامبەر بە هاوهەڵوێستی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا بۆ خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان، هەروەها هەردوولا جەختیانكردەوەسەر پتەوكردن و پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان YNDK و PKRK لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.