میدیا _ هەولێر :
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٥ / ١٢ / ٢٠١٩، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قههار تاهير سهعيد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و جەلال سمایل ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکى KNK و د. شەهلا حەفید جێگرى هاوسەرۆک و زەینەب مستەفا و فریاد هیرانى و فەرهاد دۆسکى ئەندامانى کۆنسەى رێڤەبەرى KNK)، لەدیدارەكەدا سکرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى بەستن و سەرکەوتنى کۆنگرەو هەڵبژاردنى هاوسەرۆکان و دەستەى رێڤەبەرى نوێى KNK پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن و، ئاماژەى بە کارو خەباتى KNK کرد بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK کرد لە بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا. لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.