ھێزەکانی پێشمەرگە لە دوێنێ شەوەوە دەستیان بە کێوماڵی ده‌ڤه‌ری مه‌خموور کردووە

شەوی رابردوو لە ھێرشێکی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر گوندی کەندالی سەر بە قەزای مەخموور، ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیلی کورد رفێندران و سێ ھاووڵاتیش برینداربوون، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، پێشمەرگە دەستی بە کێوماڵکردنی سنووری مەخموور کردووە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی  پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری تیرۆرستی داعش، لە دەڤەری کەندێناوەی نزیک مەخموور  دزەیان کردووتە سنووری ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە و بازگەی کاتییان داناوە، کە بە داخەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی لەلایەن داعشەوە رفێندراون و سێ  ھاووڵاتیش بریندارن".

بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ دەشڵێت: "ھەر دوای رووداوەکە، ھێزەکانی پێشمەرگە گەیشتوونەتە شوێنی بازگەی داعش و چەکدارانی داعشیش رایانکردبوو، ھێزەکانی پێشمەرگە لە دوێنێ شەوەوە دەستیان بە کێوماڵی ناوچەکە کردووە بۆ لە نێوبردنی چەکدارانی داعش و رزگارکردنی ھاووڵاتیانی سڤیل".

کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: رەوشی دەڤەری مەخموور، ئەو سنوورەی پێشمەرگەی تێدایە زۆر ئارامە و، تەنیا رووداوەکەی شەوی رابردوو نەبێت، کە داعش دزەی کردبوو، بەڵام سنوورەکە زیاتر خراوەتە ژێر چاودێری و رووداوی ھاوشێوە دووبارە نابنەوە.