بەبۆنەی (45)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان: سكرتێری گشتیی YNDK پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆسرەت رەسووڵ دەكات

  میدیا _ هەولێر:

 بەبۆنەی (45)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، سكرتێری گشتیی YNDK پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز کۆسرەت رەسووڵ دەكات, وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت.

 

 غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەبۆنەی (45)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان, پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز كۆسرەت ڕەسوول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە, لە پەیامەكەدا وێڕای پیرۆزبایی, جەختدەكاتەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەپێناو زیاتر پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان, ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

 

برای بەڕێزمان جەنابى کاک كۆسرەت ڕەسول عەلی

 سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

   سڵاوێكی گەرم ...

  بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (45) چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە سەرۆکایەتى و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

 بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و, هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان,  بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە, لەم پێناوەشدا لەپێناو بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى پێویستە هەموو لایەکمان خۆمان لە ململانێى حزبى بە دوور بگرین و هاوكارو پشتیوانى یەکبین و کار بکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان, هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی تەواوی مافە رەواكانی.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا.

 

براتان

غەفوور مەخموورى

سكرتێری گشتیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

31/ 5 / 2020