سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى باڵاى پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) PYDKS دەكات

حزيران/يونيو 02, 2020

میدیا _ هەولێر:
 پێشنیوەڕۆى ڕۆژى ١ / ٦ / ٢٠٢٠، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سکرتێرى گشتى و شاندێکى باڵاى PYDKS كرد و، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
 پێشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە شاندێکى باڵاى پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) PYDKS کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (مەحموود محەممەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى و وەیس مستەفا و ساڵح بۆزان ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى)، لەدیدارێکى برایانەدا باسیان لە کارو خەباتى نەتەوەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان کرد و، سکرتێرى گشتیى YNDK پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان راگەیاند، هه‌ر لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی بەشەکانى دیکەى كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی سەرکەوتنى خەباتى رەوامان و وەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا، لەم پێناوەشدا بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان باسى لێوەکرا، شایانى باسە لە دیدارەكەدا شاندى حزبى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) PYDKS سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند بەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بە رۆژئاواى کوردستان و پرسە نەتەوەییەكان.
 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.