بڕیاربوو لە ١ی مانگی ٤ی ساڵی داهاتو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، بەشێکی زۆری لایەنە كوردییەكانیش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەو هەڵبژاردنە هاوپەیمانییەتیەكان بەناوی "هاوپەیمانی کوردستانی" دروستكردبوو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێندراوەکان، لەم بارەیەوە عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
بە پێی زانیاریەكان جگە لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، كە زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی تێدایە، هەروەها نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بە لیستێكی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا دەكات، هەروەها تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و نەوەی نوێ-یش تا ئێستا لەو هاوپەیمانییەتییە بەشدارییان نەکردووە و ڕوون نەبووەتە چۆن بەشداریی دەکەن.
عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، دەربارەی هەنگاوەكانی داهاتووی هاوپەیمانیەتییەكە دەڵێت:"ژمارەی ئەو لیست و لایەنە سیاسیانەی كە لە هاوپەیمانییەتییەکە بەشدارن، لە ٣٢ لایەنی سیاسی و حزب پێك دێت، ڕێكارەكان بە تەواوی گیراونەتە بەر و ناو تۆمار كراوە، لە قۆناغی داهاتوودا كار لەسەر دیاركردنی كاندیدەكان دەكەین و تەواوی ئامادەكارییەكان دەكەین بۆ كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.
لە هاوپەیمانییەتیەکەدا چوار حزبی توركمان هەن، لایەنی عەرەبیش حزبی شوعی عێراقی بەشدارە لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی.
عەبدولڕەحمان مستەفا باس لەوە دەکات، کە ئەوان ئاگادار نین، کە عەرەب و توركمان چۆن بەشداردەبن لە هەڵبژاردنەکەدا.
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، دەربارەی دۆخی عێراق و خۆپیشاندەران و كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن، ڕوونیكردووە:"تا ئێستا كات زۆر ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئێمە ئومێدەوارین دۆخی عێراق ئارام بێتەوە و هەڵبژاردن لە كەشێكی ئازاد و ئارام بەڕێوەبچێت، بە تایبەت دۆخی كەركوك هەڵبژاردن دەخوازێت، بۆیە ئێمە لە سێ شاری كەركوك و موسڵ و دیالە بە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بەشداردەبین، بە تایبەت لە كەركوك کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە، بۆیە پێمان باشە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".
بە وتەی عەبدولڕەحمان مستەفا ئەمجارە دەنگی كورد لە کەرکوک و دیالە و نەینەوا زیاتر دەبێت لە ڕابردوو، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی لە ڕابردوودا کورد بە چەندین لیست بەشداربووەو ئەم جارە زۆرینەیان لە هاوپەیمانییەتیەکەدان.
ڕۆژنیوز لە چەند سەرچاوەیەكی لایەنی عەرەبی زانیاری پێدراوە، كە لایەنی عەرەبی بە دوو لیست بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەكان، هەریەك لە وەسفی عاسی سەرۆكی بەرەی یەكگرتووی عەرەبی و ڕاكان جبوری سەرۆكایەتی دوو لیستە جیاوازەكەی عەرەبی كەركوك دەكەن لە لایەنی سونی بەڵام بە فەرمی پشتڕاستنەکراونەتەوە.
هەروەها تا ئێستا ڕوون نیە كە شیعە لە كەركوك بە چ میكانیزمێك بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنەكان، هەروەها توركمان لە كەركوك تا ئێستا ئاشكرانییە كە چۆن و بە چەند لیست بەشداردەبن لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوودا.
سهرچاوه: رۆژنیوز