میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى ٢١ / ٥ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان.
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى سێشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (شێخ د. عەبدوڵڵا شێخ حەسەن قەرێتاغى ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى و نەوزاد ئەحمەد عەبدوڵڵا و د. کارزان نزار سەعید ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و بەختیار عەبدولڕەحمان ئەندامى سەرکرادیەتى)، لەدیدارەكەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان گفتوگۆ کرا و هەردوولا پێیان وابوو کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دوورکەونەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێننە ئارا و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەى هەموو لایەک پێکەوە بتوانین پارێزگارى لە دامەزراوەکانى کوردستان بکەین و پێشیانبخەین .
سکرتێرى گشتیى YNDK لە دیدارەکەدا ئەوەى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمان کوردستان گفتوگۆیانکرد و، هەردوو لا جەختیان لەوە کردەوە کەوا پێویستە پرۆسەى هەڵبژاردن بە پاکى و روونى و بێ ساختەکارى بەڕێوەبچێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان