میدیا - هەولێر:
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٠ / ٥ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆک و سکرتێرى سێ لایەنى كوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارييهكانى ناوچەكە كرد.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە بەڕێزان (نەجات عومەر سورچى سەرۆکى پارتى پارێزگارانى کوردستان و باپیر کامەلا سکرتێرى گشتیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان و عەبدوڵڵاى حاجى مەحموود سەرۆکى هاوپەیمانى سەردەم)، لەدیدارێکى برایانەكەدا باسیان لە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو پرۆسەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان کرد و، بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەکان جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلى كوردستان و لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی گەلى كوردستان لەو گۆڕانكارییانەدا بەفاكتەری سەرەكی سهركهوتنى گەلی كوردستان وەسفكرا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان، هەر چوار لایەنى نێو هاوپەیمانى سەردەم، باسیان لە چۆنیەتى خۆئامادەکردن و سەرخستنى لیستى سەردەم و پرۆسەکە کردو، جەختیانکردەوە سەر ئەوەى کە پێویستەى پرۆسەکە بە شێوەیەکى پاک و روون و دوور لە تەزویر بەڕێوەبچێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەرچوارلا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.