ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری نوێی ده‌ركرد

تشرين1/أكتوير 24, 2019

ئاژانسه‌كان

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 23-10-2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندووه‌، لە رۆژانی داهاتوودا و لەدوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاودەکرێتەوە و تێیدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن، لەگەڵ روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان.


لەوبارشه‌وه‌ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، حکومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن حکومەت تا ئێستا چی کردووە.


هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی تر تاوتوێ كراون كه‌ بریتین له‌:


دۆخی ئێستای عێراق

مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەبەشێکی قسەکانیدا باسی لە گۆڕانکارییەکانی عێراق کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ داوا رەوا و یاساییەکانی خەڵکی خۆپیشاندەری عێراقین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ تووندوتیژیدا نین ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت. 

سەرۆکوەزیران پشتگیری لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی و داوای لە هاووڵاتیانی عێراق کرد "بە شێوازێکی ئاشتیانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە".

مەسروور بارزانی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراقی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ناوبرد و هیوای خواست "کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور چارەسەربکرێن و بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە".

دۆخی رۆژئاوای کوردستان

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بەهۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێوست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.

پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت

پاشان ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بەپێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا هەر وەزارەتێک لەلای خۆیەوە بەوردیی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی بکات بەپێی پلان و خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.

پەسندکردنی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوەبوو کە لەلایەن کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک پڕۆژەکە بەشێوەیەکی مەبدەئی پەسندبکات.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمـانگەی هەمـاهەنگی و بەدواداچوون کرد بـۆ رێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و رێككەوتننامە و یادداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێیدا هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بەپێی پێویستی دەبێت.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری نه‌ته‌وه‌