ئاژانسهكان
بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كار بۆ دروستكرنی مەرجەعێك دەكەین بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئێستادا بێدەنگترین پارچەی كوردستانە و بەپێی زانیارییەكانیش گفتوگۆكان لەنێوان حكومەتی ئێران و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتیش لە ئارادایە و هاوكات حزبەكان دەیانەوێ مەرجەعێك بۆ خۆیان و خەڵكی ڕۆژهەڵات دروست بكەن.
عەتا سەقزی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا چوار لایەنی سیاسی لەنێو ناوەندی هاوكاری حزبەكانی ڕۆژهەڵات كار دەكەین و هەوڵ دەدەین بەرەیەكی كوردستانی لە ڕۆژهەڵات دروست بكەین.
وتیشی”ئێستا ناوەندەكە بە چالاكترین ناوەند دادەنرێت و دەتوانین ڕووی تێبكەین و كۆمەڵێك بەرنامەی هەیە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی كوردستانی و میدیای هاوبەش، ئەگەرچی ئێستا ئاستی چاوەڕوانییەكی خەڵكدا نییە، بەڵام بەهەرحاڵ جێی دڵخۆشییە و هەنگاوی باشی بۆ هەڵگیراوە”.
ئاشكراشیكرد، پێشتر حزبەكان نەیانتوانیوە هاوهەڵوێست بن، بەڵام ئێستا پێكەوە دادەنیشن و بەرژەوەندی حزبەكان وەلا دەنێن و كار لەسەر بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن.
ڕوونیشیكردەوە، كار بۆ ئەوە دەكرێت ناوەندی هاوكاری ببێتە مەرجەعێك بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كورستان و هەروەها لە دەرەوەش بتوانێت قسە بكات و نوێنەری خەڵك بێت.
سهرچاوه: خەڵك- بەشی هەواڵ