ماوەیەکە رژێمى داگیرکەر و کورد کوژى تورکیا بە جۆرەها چەک لە زەمین و ئاسمانەوە هێرشى کردۆتە سەر رۆژئاواى کوردستان و دەست لە تەڕ و وشک ناپارێزێ و زۆر وەحشیانە کەوتۆتە کوشتنى ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە و وێرانکردنى گوند و شار و شارۆچکەکان، بەشى زۆرى وڵاتان و کۆمەڵگەى نێودەڵەتى ئەو هێرش و دەستدرێژییانەى لەشکرى تیرۆریستى تورکیایان ئیدانە و شەرمەزار کردووە، بێگومان تاوانى تورکیا لەم دەستدرێژییانە چەند بێت ئەمریکاش بەقەد تورکیا لە ئەنجامدانى ئەم تاوانانە تاوانبارە، لەبەرئەوەى ترامپى سەرۆکى ئەمریکا چراى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکردووە.
لەشکرى تورکیا لەشکرێکى تیرۆریستە لەبەرئەوەى تەواوى ئەو پێناسانەى بۆ کردەوەى تیرۆریستى هەن هەموویان لەسەر لەشکرى تیرۆریستى تورکیا جێبەجێ دەبن، لەشکرێکە ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵکى سڤیلدا بڵاودەکاتەوە، ژن و منداڵ دەکوژێت و ژێرخانى رۆژئاوا وێران دەکات، دەستدرێژى دەکاتە سەر ماڵ و حاڵى خەڵک، هێرشى کردۆتە سەر وڵاتێکى دیکە و سنوورى بەزاندووە، چەندەها تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجامداوە، چەکى قەدەغەکراوى بۆ جینۆسایدکردنى خەڵکى سڤیل بەکارهێناوە، ئەمانەو چەندان تاوانى قێزەونى دیکە.
من وەک کوردێک کەوا وێرانکارى وڵاتەکەم و جینۆسایدکردنى نەتەوەکەم دەبینم ناتوانم بێدەنگ بم، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دژى لەشکرکێشى رژێمى داگیرکەر و کوردکوژى تورکیا دەوەستمەوە، ئەوەش بە ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەموو کورد و کوردستانییەک دەزانم، هاوسۆزى من بۆ نەتەوەکەمە بۆ هیچ حزب و لایەنێکى سیاسى نیە، رەخنەو سەرنج و تێبینى زۆرم لەسەر شێوازى بەڕێوەبردنى رۆژئاوا و باشوورى کوردستانیش هەیە، بەڵام ئێستا ئێمە لەبەرامبەر هەڕەشەى دڕندندەترین دوژمنى کورد داین، بۆیە پێویستە ململانێ سیاسییە نێوخۆییەکان بخەینە لاوەو وەک کورد و وەک کوردستانییەک هەڵسوکەوت بکەین دژ بەم دوژمنە دڕندندەیە کە تورکیایە بوەستینەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەریش لە ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧٧ کەوا لەشکرى عێراق و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى هێرشى دڕندانەیان هێنا سەر کوردستان بەهەمان شێوە دژیان وەستامەوە و راستییەکان و دەستدرێژییەکانى لەشکر و میلیشیاکانى حەشدى شەعبیمان گەیاندە زۆربەى ناوەندەکانى مافى مرۆڤ لە ناوەندى عەرەبى و نێودەوڵەتى، بەڵام جێگەى داخ بوو وەک ئێستا زۆربەى سکرتێر و سەرکردەى حزبەکانى کوردستان بێدەنگیان هەڵبژارد.
ئێستا کەوا گریانى دایک و باوکى شەهیدێک یا هاوارى ژنێک یا منداڵێکى بریندارى رۆژئاواى کوردستان دەبیستم لە ناخەوە دەهەژێم و، ناتوانم بەرامبەر تورکى فاشیست و مرۆڤ کوژ بێدەنگ بم، لە هەمووشى ناخۆشتر کەوا هەندێ کەس و لایەن هەن زۆر بێویژدانانە پشتیوانى لە کەسێکى مرۆڤکوژو تیرۆریستى وەک ئەردۆغان دەکەن، لەسەر هەموو کوردێک پێویستە ئەو کەس و لایەنانەش بناسێت کەوا پشتیوانى کوشتنى کوردان و وێرانکردنى وڵاتەکەى دەکەن، بۆئەوەى ریسوا و رووڕەشیان بکەن.
هەموو لایەک دەبێ ئەو راستییە باش بزانین تورکیا ئامانجى لەناوبردنى نەتەوەکەمانە بە خاک و خەڵکەوە، دواى رۆژئاوا هێرشدەکاتە سەر باشوورى کوردستان، لەبەرئەوەى بەهەموو شێوەیەک دژى هەر دەستکەوت و پێشکەوتنێکە بۆ گەلى کوردستان، بۆیە پێویستە هەموو تاکێکى کوردستان ئەو راستییە بزانێت و تورکیا بە دوژمنى سەرسەختى خۆى بزانێت، ناکرێ بە شەرم و ترسەوە سیاسەت بکەین و لە ئاست جینۆسایکردنى نەتەکەمان و سڕینەوەى خاکەکەى بێدەنگ بمێنین.
٢٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٩