سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دەكات

حزيران/يونيو 23, 2022
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٣ / ٦ / ٢٠٢٢، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و جەلال سمایل ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (زەینەب موراد هاوسەرۆکى KNK و، شوکروڵڵا حەمەدەمین و دەنیز هێڤى ئەندامانى KNK)، لەدیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ باشوورى کوردستان خستەڕوو وتى : (ئامانجى ئێمە وەکو شاندى KNK لە سەردانمان بۆ باشوورى کوردستان بۆئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ خاوکردنەوەى گرژى نێوان لایەنە سیاسییەکان و دوورکەوتنەوە لە شەڕو راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێنینە ئارا و کاربکەین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان)، سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى بەخێرهاتنکردنى شاندى میوان دەستخۆشى ئەو سەردان و دەستپێشخەرییەى لە شاندى KNK کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و وتى : (ئێمە وەکو YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى شەڕ جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نیە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین.)، هەروەها مەخموورى وتى : (مانەوەو پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان بەندە بە یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا کاربکەین، بۆئەمەش پێویستیمان بە مامەڵەیەکى تەندروست و یەکسانە لەگەڵ یەکتردا.).
مەخموورى ئەوەشى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت لایەنە سیاسییەکانى بەشەکانى دیکەى کوردستان رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن وپاراستنى بە ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا، لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.