سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى دیموکراتى کوردستان پیرۆز دەكات

سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى دیموکراتى کوردستان پیرۆز دەكات

  میدیا - هەولێر :
 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى سەرۆک مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان  کرد و، بەبۆنەى 75 حەفتا و پێنجەمین ساڵیاد (یۆبیلى ئەڵماس)ى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاترى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

 برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان

   سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
  بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و 75 حەفتاو پێنجەمین ساڵیاد (یۆبیلى ئەڵماس)ی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتى دیموکراتى کوردستان دەكەین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
  بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتى دیموکراتى کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و, هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان,  بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە, بۆ ئەمەش جەنابتان وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن، بە باوەڕى ئێمە پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، لەم رووەوە جەنابتان دەتوانن رۆڵى کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنەکان ببینن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
  لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژى و تەندروستییەکى باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنى زیاتر بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتى و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.

براى دڵسۆزتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK  
16 / 8 / 2021