غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان جەبار میرزا رۆستەمى سکرتێرى گشتیی پارتى نەتەوەیى کوردستان و ئەندامانى سەرکردایەتیى پارتى نەتەوەیى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 25 بيست و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتى نەتەوەیى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك جەبار میرزا رۆستەمى سکرتێرى گشتیى پارتى نەتەوەیى کوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (25)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتە تێکۆشەرەکەتان (پارتى نەتەوەیى کوردستان)، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندامانى پارتى نەتەوەیى کوردستان دەكەین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
بێگومان لەكاتێكدا كەوا یادی دامەزراندنی (پارتى نەتەوەیى کوردستان) دەكەنەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێکى زۆر ناسك و هەستیاردان, ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە کوردستانییەکان کاربکەین و زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی تەواوی مافە رەواكانی.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
14 / 8 / 2021