دڵزاری شاعیر کۆچی دواییکرد

نيسان/أبريل 10, 2021

میدیا-هه‌ولێر

ئەحمەد دڵزار، ناسراو بە “دڵزاری شاعیر”، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە زێدی خۆی لە کۆیە بەخاک دەسپێردرێت.

کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ 10-4-2021 باوکی کۆچی دوایی کردوە لە ماڵی خۆی لە شاری هەولێر.

 

‘دڵزار’ ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی ١٩٢٠ لە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبوە، خوێندنی سەرەتایی تەواوکردوە و لە ناوەندی دەستی لە خویندن هەڵگرتوە.

ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٧٠ش بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نوسەرانی کورد ھەڵبژێردراوە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤بۆ ساڵی ١٩٧٩نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بوە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بوە لە ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٥دا بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی عێراقی ئاشتی وەرگیرا، دواتر کوردستانی جێھێشتوە و ساڵانێکی زۆر لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوە

– نازناوی (دڵزار)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و پێی ناسراوه و هاوڕێی شاعیری کورد و خاوەنی هۆنراوەی ئەیڕەقیب دڵدار بووە

– بەرلەوەی بچێتە خوێندنگا باوكی شیعری فارسی بۆ كردۆتە كوردیی و لە ساڵی 1927 لە تەمەنی (7) ساڵیدا باوكی ناردویەتیە لای (مەلا ئەسعەد) و لەوێ فێری نووسین و خوێندن بووە و زمانەكانی كوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە.

– لە ساڵی 1929 چووەتە خوێندنگای سەرەتایی لە كۆیە

– لە ساڵی 1940 یەكەم شیعری نووسیوە

– لە ساڵی 1943 چووەتە شاری بەغداد و لەوێ ژیاوە و دواتر لە ساڵی 1944 چووەتە شاری بەسرە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شاری كۆیە

– سەرجەم شیعرەكانی لە دیوانی ئەحمەد دڵزاردا كۆكراونەتەوە.

– بیرەوەریەكانی لە دووتوێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (بیرەوەریەكانی رۆژانی ژیانم) چاپكراوە

– ئەمڕۆ 10-4-2021 لە تەمەنی 101 ساڵیدا و وەک بەتەمەنترین شاعیری کورد لە هەرێمی کوردستان ماڵئاوایی کرد.