میدیا- تایبهت
شەهید سەربەست مەحموود ناوی تەواوی ( سیروان مەحموود فەتاح)ە، ساڵی 1974 لە گوندی (مۆریاس) ی سەر بە قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانی لەدایك بووە. لە بنەماڵەو خێزانێكی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز پەروەردەكراوە، شەهید سەربەست خوێندنی سەرەتایی لە گوندی ( مۆریاس) و هەردوو قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
هەر لە تەمەنی خوێندنی دواناوەندیدا دەست دەكات بە خوێندنەوەی گۆڤار و رۆژنامەو پەرتووكە جیاجیاكان. ساڵی 1991 دەبێـتە قوتابی بەشی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین و ساڵی 1995 بە پلەیەكی زۆر باش خوێندنی زانكۆ تەواو دەكات. لە ڕۆژانی 17-19/ 3/ 1995 وەك ئەندامێكی دامەزرێنەر بەشداری كردووە لە یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK كە لە شارۆچكەی عەنكاوەی پارێزگای هەولێر بەستراو دوای تەواو بوونی كۆنگرەكە لەڕۆژی نەورۆزی 1995دا YNDKهاتە راگەیاندن. شەهید سەربەست مەحموود هەر لە یەكەمین رۆژی دامەزراندنی YNDK وە بەگیانێكی نەتەوەییانەوە دەستی بە خەبات و تێكۆشان كرد و لەڕۆژانی 5 - 7/ 1996 لەشارۆچكەی شەقڵاوەدا زۆر چالاكانە بەشداری كرد، لە دووەمین كۆنگرەی YNDKو لە هەڵبژاردنێكی دیموكراتیاندا بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵبژێردراو و ئینجاش بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی رێكخستنی رێكخستنی YNDK.
* لە دوای كۆنگره زۆر چالاكانە كاری رێكخستنی لە شاری سلێمانی و ناوچەی شارەزوورو هەوراماندا ئەنجام دەدا، سەرپەرشتی كاروباری رێكخستنی YNDKی دەكرد.
هەروەها لەڕۆژانی 10و 11و12/ 1999 لەكۆنگرەی سێیەمی YNDK كەلەشاری هەولێر بەسترا، بە هاوكاری هەڤاڵان توانی كۆنگرەكە بكات بە كۆنگرەیكی نموونەیی بەئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرایەوە.
بەهۆی توانا و لێهاتوویی كرا بە سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا، وێڕای بینینی رۆڵی سەرەكی لەدەركردنی گۆڤاری ( سەرخۆبوون) كە خۆی خاوەنی ئیمتیازی بوو.
شەهید سەربەست مەحموود بیرمەندێكی لێهاتووی نەتەوەیی و، وڵاتپارێز و كورد پەروەرێكی دڵگەرم و، مرۆڤێكی رەوشت بەرز و بەوەفا و سەرنج راكێش و بە بەزەیی و بوێرو هەق پەرست بوو.
مخابن دوژمنان تیرۆریستان رێگەیان نەدا شەهید سەربەست مەحموود زیاتر تێبكۆشێ و خزمەتی زیاتر بە نەتەوەكەی بكات لە ئێوارەی رۆژی 31/ 5/ 2000 دا زۆر بەنامەردی و دڕندانە و هۆڤییانە لەشاری هەولێر شەهیدیان كرد. تەرمی پیرۆزی شەهید سەربەست رۆژی 1/ 6/ 2000 لە هەولێرەوە برایەوە شارە خۆشەویستەكەی خۆی و لە مەراسیمێكی تایبەتیدا لەگۆڕستانی ( گردی سەیوان)ی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا دۆسیەی شەهیدكردنی سەربەست مەحموود بەكراوەیی ماوەتەوەو دەزگاكانی پەیوەندیدار تا ئێستا بكوژانی شەهید سەربەستیان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین كات بكوژانی بدۆزرێنەوەو ئاشكرا بكرێن و بەسزای خۆیان بگەن.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و گشت شەهیدانی رێگەی سەربەخۆیی و ئازادی و یەكگرتنەوەی كوردستان.