پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە گرژى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان

میدیا – هەولێر:
 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، سەبارەت بە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، پەیامێکى بۆ راى گشتیى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا داوا دەکات کەوا لایەنە سیاسییەکان لەرێى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتنەوە کێشەو گرژییەکانیان چارەسەربکەن و، کاربکەن بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

              بۆ راى گشتى
 
-    جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...
-    کەس و کار و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
  مایەى نیگەرانى هەموو لایەکمانە کەوا ماوەیەکە گرژى کەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و، ناوەندى سیاسیى کوردستان لێکترازاوو پەرش و بڵاوبووە، لەڕاستیدا دەکرێت هەموو ئەو گرژى و گرفتانەى کە هەن، بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن؛ بەبێ پەنابردنە بەر هێرشکردن بۆ سەر یەکدى چارەسەر بکرێن، سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، بارودۆخى کوردستانیش بارودۆخێکى زۆر هەستیار و ناسکە، لە لایەک  گەمارۆى وڵاتانى دەوروبەرمان لەسەرە، لە لایەکى دیکەوە قەیرانى ئابوورى و ناعەدالەتى و کۆمەڵێ قەیرانى دیکەى ناوخۆییمان وایکردووە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان ئاڵۆز و زەحمەت بێت، لەهەمان کاتدا تیرۆریستانى داعش خۆیان رێکخستۆتەوەو رۆژانە هەڕەشە لە ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان دەکەن و فرسەت دێنن هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، هەروەها بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک کارەساتێکى مرۆیى رووبەڕووى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیى بۆتەوە، سەرەڕاى ئەمانە وەک بۆ هەموو لایەکمان روونە تا ئێستاش کێشەکانى نێوان کوردستان و عێراق چارەسەرنەکراون، بۆیە ناکرێت لە رەوشێکى وادا کێشە و قەیرانى دیکە دروستبکرێت، ئەم رەوشەى ئێستاى کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزى و یەکدەنگى و بەیەکەوە کارکردنمان لێدەخوازێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەوێوە چارەسەرى کێشەکانیان بکەن، و ناوەندى سیاسیى کوردستان رێک و یەکبخەنەوە، نەک لە راگەیاندنەوە پەنا بۆ بێڕێزیکردن بە یەکدى ببەن، هەڵمەتى راگەیاندن پێویستە لە خزمەتى بارودۆخى ئێستاى کوردستاندا بێت، نەک بۆ بێڕێزیکردن و ناوزڕاندنى یەکدى، داوا دەکەین هەرچى زووە ئەو هەڵمەتى راگەیاندنەى کە هەیە رابگیرێت و بخرێتە خزمەت چۆنییەتى قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و بەیەکەوە کارکردن.
 پێویستە هەموو لایەکمان خەمێکى جدى لە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان بخۆین و نەخشە رێگایەکى کوردستانییانە بۆ چۆنییەتى دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین و کارى لەسەر بکەین، با خەمى هەموو لایەکمان خەکى خاک و خەڵک بێت نەک خەمى دەسەڵات و گیرفان.
  گەلى کوردستان لە ماوەى رابردوودا و تا ئێستاش زەحمەتییەکى زۆرى کێشاوە و قوربانییەکى زۆرى داوە، بە هەزاران لە رۆڵەکانى گەلى کوردستان لەپێناو خاک و خەڵکى کوردستان گیانى خۆیان بەخشیوە، ئەو زەحمەتى و قوربانییانە بۆ ئەوەى نەبووە، لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندى خۆیان پشت لەو گەلە وڵاتپارێزە بکەن و رووبەڕووى ئەو هەموو قەیران و زەحمەتییانەى بکەنەوە، گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانەوە شایانى رێزگرتن و خزمەتکردنى زیاترە، لەسەر هەموو لایەکمانە بەو ئاراستەیە کاربکەین و خزمەتى زیاترى گەلەکەمان بکەین، بۆ ئەوەى گیانى شەهیدان و ویژدانى خۆمان ئاسوودە بکەین.
-    نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
-    سڵاو لە گەلى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان.


 غەفوور مەخموورى
 سکرتێرى گشتیى
 یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
 ١٥ – ٥ – ٢٠٢٠