وردەکاری گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتيی نیشتمانیی كوردستان لە کۆنگرەی چوارەمدا

كانون1/ديسمبر 21, 2019

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ڕی نەوا
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مشتومڕەکان تادێت گەرمتر دەبن لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی حیزبی و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرەیەوە، یەکێتی دوای کۆنگرە پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی ئێستا هەیە.
دوای ئەوەی کە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی واژوویان لەسەر رەشنووسێکی ئامادەکراو کرد، لەئێستادا هەموو سەرنجەکان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی دامودەزگا و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەیە.
لیژنەی باڵای ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی بڵاوکردەوە.

ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دوای پەسەندکردنیان لە نێو کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە دەتوانرێت هەندێک خاڵی لێ لاببرێت و ئەوانەی کە دەمێننەوە دوای پەسەندکردنی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە نێو ماددەکاندا چەندین سیناریۆ دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم، تایبەت بە پێکهاتەی حیزبیی و دەسەڵاتەکانی. دوای ئەوەی کە دەنگی لەسەر دەدرێت، پەیڕەوەکە پەسەند دەکرێت.
لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و قۆناغەکانی گەشەپێدانی، هاوکات لەبارەی ئەو سیناریۆیانەی کە ئامادە کراوە لە خاڵەکانی نێو رەشنووسەکەدا بۆ پێکهاتەی نوێی حزبیی، ئیبراهیم جەلال ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەهەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وردەکارییەکانی بڵاوکردەوە.
چۆن پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوار ئامادە کرا:
لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە، ئیبراهیم جەلال ئاماژەی بەوەدا کە لە پەیڕەوی کۆنگرەی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە کە لەناو ئەنجوومەنی ناوەنددا کۆمیسیۆنێک هەیە بەناوی کۆمیسیۆنی پەیڕەو، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بریتییە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەو لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە لە ٢٠١٤ەوە کەوتوونەتە خۆیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم.
ناوبراو رایگەیاند، "دوای ئەوەی هەشت مانگ کۆمیسیۆنەکە کار دەکات لەسەری، رەشنووسەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی ناوەند بۆ دەنگدان لەسەری، دواتر بە رەزامەندی ئەنجوومەن رەشنووسەکە قبوڵ دەکرێت، پاشان لیژنەیەکی باڵای نووسینەوەی رەشنووس لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە دروستکرا کە چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند لەنێو ئەو لیژنەیەدا دەبێت. دواتر ئەو لیژنە باڵایە کاری خۆیان کرد بۆ داڕشتنەوەی ئەو رەشنووسەی کە لە کۆمیسیۆنی پەیڕەوەوە وەرگیرابوو، ئەوەش دواتر خرایە گفتوگۆوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گونجاندنی چەندین پرۆژە و بیروبۆچوونی تر کە لە مەکتەبەکانی تری یەکێتییەوە دەهاتن، دواتر بڕیار درا، یەک رەشنووس ئامادە بکرێت کە بەجۆرێک بێت لەگەڵ قۆناغی داهاتووی کۆنگرەی یەکێتیدا بگونجێت، هاوکات پەیڕەوێکی سەردەمیانە بێت، دواتریش پەیڕەوێک بێت لەگەڵ بیری پارتێکی سۆسیال دیموکراتدا بگونجێت، زۆرترین کاریش کراوە کە بگونجێت لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی فەڕەنسی و پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی. پاشان پرۆگرامێکی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستە نیشتمانی و حزبی و نەتەوەییەکان بێت بەشێوەیەک بێت کە پێکهاتەی نوێی یەکێتی لەسەر بنەمایەک دیاری بکرێت، ئەگەر بێت و گۆڕانکاری لە کەسایەتییەکانی نێو پۆستە باڵاکانی ئەو پارتەدا بکرێت، ئەوا ئەرک و فەرمانەکانی خۆی بەپێی پەیڕەوەکە جێبەجێ بکات".
ئەوەش زانراوە کە ئەو رەشنووسەی کە واژووی لەسەر کراوە قۆناغی کۆتایی نییە، بەڵکو دەنگدانی لە کۆنگرە دوایین وێستگەی رەشنووسەکە دەبێت دوای قبوڵکردنی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە قابیلی گۆڕانکاریە تیایدا ئەنجام بدرێت.
پرۆژە جیاوازەکانی سەرکردەکانی نێو یەکێتی سەبارەت بە پێکهاتەی یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان زۆرێک لەسەرکردە دیارەکانی نێو حزبەکە پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە لەسەر داڕشتنەوەی پێکهاتەی نوێی یەکێتی و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتووە، هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق، مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە دوورکەوتۆتەوە لە سیاسەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری سەرکۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی-يه، بافڵ تاڵەبانی کوڕی جەلال تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی، هەموو بە جیا پێشنیاز و پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە، جگە لە مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و مەڵبەندی هەولێر و سلێمانی ئەو پارتە، سەرجەم پێشنیازەکانیان کۆکراوەتەوە دواتر لەو خاڵانەی کە دەکرا بگونجێندرێت لەگەڵ رەشنووسە ئامادەکراوەکەدا، تێبینی لەسەری وەرگیراوە و جێگیرکراوە. بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتووە لەکاتێکدا لەسەدا 85ی کارەکانی ئەم رەشنووسە کۆتایەش تەواو بێت بە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەو دەگوترێت کە کۆتایی بهێنن بەکارەکانتان چونکە کۆنگرە دوادەخرێت، ئەوانیش لەم دواییەدا کە دوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە، ئەو لەسەدا 15یەی کەماوە لە ١٥ی کانوونی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، توانرا رەشنووسی پەیڕەو و پرۆگرامەکە بەئەنجام بگەیەندرێت، بەشێوەیەک کە بنەما کوردستانیی، سەردەمیی، سۆسیال دیموکراتییەکانی تیادا جێگە بکرێتەوە.
ماددەکانی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی
ئیبراهیم جەلال لەبارەی ماددەکانی نێو رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیەوە وتی،"هەر پەیڕەوەکە لە 76 ماددە پێکهاتووە و مافی مرۆڤ، مافی رێکخراوە دیموکراتییەکان، مافی ژنان، مافی گونجاندن لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستاندا، کاری بەڕێوەبردنی حوکمڕانی تر، تیایدا جێگە کراوەتەوە. هەریەک لەو ماددانە پەیوەستە بە بەشێک لە ئەرکەکانی یەکێتی کە دەبێت جێبەجێی بکات، لەسەر شێوەی هەرەمی کارکردنی حزبی."
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار دراوە 121 ئەندام بچێتە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بەرێوەببرێت و هیچ دامودەزگایەکی پارتەکە لەلایەن کەسییەوە قۆرخ نەکرێت. هاوکات ئەو لیژنەی باڵای سەرکردایەتی یەکێتی لەداوی هەڵبژاردنی لەنێو کۆنگرەدا، ئەوان ئەرکی هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگر، یان جێگرەکان (کە بۆ ئەو مەبەستە سێ سیناریۆ پێشکەشکراوە) هەڵبژێرن.
سیناریۆکان:
لەبارەی سیناریۆکانی کە ئامادە کراوە بۆ کۆنگرەی چوارم بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، "یەکەمیان، دەکرێت لەنێو کۆنگرەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. دەکرێت لەنێو لیژنەی ئەنجوومەنی باڵا ئەنجام بدرێت، دەکرێت هەڵبژاردن بۆ یەک سکرتێر و یەک جێگر ئەنجام بدرێت. دووەمیان، دەکرێت دەنگدان بۆ سکرتێرێک و چوار جێگر بکرێت".
دەستەکان جێگەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەگرنەوە
لەبارەی گۆڕانکاری لەپێکهاتە و ناوی دەستەکان دا ئیبراهیم جەلال گوتی، "دەستەی جێبەجێکار وا دانراوە کە لەگەڵ سکرتاریەت و جێگرەکانی لەگەڵ دەستەی جێبەجێکاردا، 15-17 کەس بێت کە ئەو دەستەی جێبەجێکارە ئەرکی جێگرەوەی کارگێڕی کۆنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی سیاسی خۆیشی بێت دواتر لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەندەکانی تر بەهەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەو ١٢١ کەسەی لە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکیتیدا جێگیرکراون. هیچ یەکێک لەوانە شوێنەکەی جێگیر نابێت کە بۆی دانراوە چونکە ئەو 121 ئەندامە بڕیار دەدات ئەو کەسەی دانراوە بۆ یەکێک لە مەکتەبەکان بۆ نموونە راگەیاندن کە کەسێکی سەرکەوتووە یان نا و دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی یان هێشتنەوەی".
لەبارەی دەنگۆکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆکی قەوارە جگە لە سەرۆک یان سکرتێر، ئیبراهیم جەلال رایگەیاند، "لە رەشنووسەکەدا هەموو ئەو پرسانە جێگیرکراون و دیاریکراون و بڕیار دراوە کە ناوی قەوارە لابردرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی لیژنەی داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نەیانخواستووە نموونەیەک لە وڵاتانی دراوسێ وەرگرن، پێیان باش بووە کە ناوێکی تری لێبنێن ئەویش "دەستەی باڵای دانایان" کە جێگرێک و سکرتێرێکی دەبێت و بەپێی پەیڕەوی رەشنووسەکە ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، ئەوەی کە لەناو پەیڕەوەکەدا دیاریکراوە جگە لەوە دەتوانێت بەرنامەی کار دیاری بکرێت کە ئەمە تایبەتە بەو بەرپرسە باڵایانەی نێو یەکێتی کە پێشتر زۆر ماندوو بوون و لەئێستادا خوازیار نین خۆیان کاندید بکەنەوە یان دەنگی پێویست ناهێننەوە لە کۆنگرەدا. جگە لەوە ئەزموونی زۆریان هەیە لەکاری راوێژکاریدا و دەتوانن لەنێو ئەو ئەنجوومەنە کە بە "دەستەی باڵای دانایان" ناودەبرێت دەتوانن بچنە نێوی، بەڵام ئەمەش مەرجی بۆ دانراوە ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسیک خۆی هەڵبژارد بۆ ئەنجوومەنی گشتی و دەرنەچوو، بۆی نییە بچێتە نێو ئەنجومەنی دانایان".
بە پێی وتەکانی ئیبراهیم جەلال، ئەنجوومەنی دانایان سکرتێرێکی هەیە و یەکێتی-یش سەرۆکێکی هەیە، ئەمەش دەسەڵات و ئەرکەکانی جیایە و کەدواتر دەخرێتە دەنگدانەوە کە دواجار پەسەند کرا، ئەوا کۆنگرە سێ سیناریۆ لەخۆ دەگرێت و لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵى راگەیاند،
"سیناریۆکان بەم چەشنەن: دۆخی یەکەم ئەوەیە کە سەرکردەیەکی کۆمەڵەیی هەبێت، دۆخەکەی تریش ئەوەیە کە یەک سەرکردە هەبێت. ئەوانەش کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات".

لەدرێژەی قسەکانیدا ئیبراهیم جەلال وتی:

"یەکێتی پێک دێت لە سێ دەستە ئەوانیش:
1.دەستەیەکی راوێژکار.
2.دەستەیەکەی دانایان.
3.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە.
ئەو سێ دەستەیە بە راوێژ لەگەڵ یەکتر دەتوانن ئەرکەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەن".
ئەو سیناریۆیەی کە لای هەمووان پەسەندترە:
لەبارەی پەسەندترین سیناریۆ کە لای زۆرینە پەسەندن، ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی، "ئەوەی کە بیروڕای زۆرینەی لەسەرە ئەوەیە کە لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا یەک سەرۆک یان یەک سکرتێر هەبێت و چوار جێگری هەبێت، ئەوکاتە دەتوانرێت لەبری ئەوەی سێ سەرکردایەتی هەبێت، جێگرەکان دەتوانن ئەرکەکان بگرنە ئەستۆ. واتە خۆیان ئەرکی دامەزراوەکان بگرنە ئەستۆ یان خۆیان دابەش بن بەسەر سەرۆکی دامەزراوەکاندا".
لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال وتی، "زیادبوونی ژمارەی جێگرەکانی سکرتێری گشتی لە دووانەوە بۆ چوار، لەسەر ئەو گرێیەیە کە لەکاتی پێشوودا سکرتێر دوو جێگری هەبووە دواتر کارگێڕ هەبووە کە توانیوێتی ئەرکی هەردوو جێگرەکە جێبەجێ بکات، بەڵام لەئێستادا ئەرکەکان دابەش دەبێت، لەوانە ئەرکی رێکخراوەیی، ئەرکی سیاسی، ئەرکی دیپلۆماسی و راگەیاندن، ئەرکی کاری پێشمەرگانە، ئەو دابەشبوونە زیاتر سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت وەک پێشتر. دەکرێت یەکێک لەم چوار کەسە جێگر نەبێت، بەڵکو یەکێکیان جێگر بێت و سیانەکەی تر هاوکار بن. واتە هاوکاری سکرتێر یان هاوکاری سەرۆک بن کە ئەمە دواتر لە کۆنگرەدا یەکلایی دەکرێتەوە".

هەر بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەکێتی کە ئێستا رەشنووسەکەی ئامادەکراوە هیچ یەکێک لە سەرۆکی ئەو دەستە و ئەنجوومەنانەی کە دانراوە مافی ڤیتۆکردنی بڕیاری دەستە و ئەنجوومەنەکانی تری نابێت. دەستەی باڵای دانایان، ئەرکەکەی "راوێژکاری و چاودێریە"، ئەمانە ئەرکەکانیان چاودێریکردنی کاروباری حزبە، جگە لەوەش ئامۆژگاریکردن ئەرکیانە نەک مافی ڤیتۆکردن. ئەرکەکانیان بەپێی پەیڕەو دەبێت و کۆمەڵێک لە ئەرکەکانیان دیاریکراوە، جگە لەوەی مافی ئەوەیان دراوەتێ کە بەرنامەی کاری خۆیان دیاری بکەن.
ئەوانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دانایان دەبن سیفەتی سەرکردایەتییان هەیە

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەریەک لە دەستەواژەکانی مەکتەبی سیاسی، کارگێڕ و سەرکردایەتی، دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنی گشتی، دەستەی جێبەجێکار.
جگە لەوە هەموو ئۆرگانەکانی تری نێو یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکانیان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.
ئیبراهیم جەلال دەڵێت،" ئەڵقەی پەیوەندیەکانی خوارەوە لەگەڵ سەرکردایەتیدا بەهێزتر دەبێت لەچاو ئەوەی پێشووتر. بەو پێیەش هەریەک لە ئەڵقەکانی ئەندامانی کۆمیتە دەتوانێت بیروڕاکانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی گشتی کە هاوکات خۆی ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا.هەر ئەمانەش دەتوانن بەپێی دەنگدان، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی دیاری بکەن، واتە تا ئەنجامدانی کۆنگرەی داهاتوو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی گشتی نامێننەوە، دەکرێت بەدەنگدان لاببرێن. هاوکات لە پەیڕەودا دیاریکراوە کە ئەنجوومەنی گشتی چەند کۆبوونەوە دەکات لە وەرزێکدا، یان لە مانگێک و ساڵێکدا لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا، هەموو ئەو پێشنیاز و رەخنانەی کە سەردەکەوێت بۆ ئەو ئەنجوومەن گشتییە دەنگی لەسەر دەدرێت.دەتوانێت بەرپرسی مەکتەبی رێکخست بگۆڕێت، ئەویش دوای ئەوەی کە بەرپرسەکە دەکشێنێتەوە بۆ نێو ئەنجوومەنەکە، دواتر لەنێو ئەنجوومەنەکەوە کەسێکی تری شیاو دیاری دەکرێت بۆ بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن. ئەویش بە دەنگدان کە زۆرینەی ٦١ دەنگ دەکات لە کۆی 121 دەنگ". 
چۆن ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کارەکان رادەپەڕێنن
لەبارەی چۆنیەتی دانان و دیاریکردنی 121 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی-ەوە ئیبراهیم جەلال وتی،" دیاریکردنی 121 ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیش بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014دا دانراوە لەسەر مافی بەدەستهێنانی (استحقاق)ی مەڵبەندەکان لە شارەکاندا، هەر پارێزگایە و بەپێی مافی بەرکەوتەی (استحقاق)ی هەڵبژاردنی خۆی دەچێتە نێو کۆنگرە، بەوچەشنەش بەشێوەیەک بیر کراوەتەوە ئەگەر بێت و لەو 121 کەسە، 60یان کاری ئۆرگانی نێو رێکخراوەکان بەڕێوەدەبات ئەوەی تری دەمێنێتەوە وەک ئەنجوومەنی یاسایی، یان وەک پەرلەمانێتک چاودێری کارەکانی ئەو کەسانەی تر دەکات. ئەمەش جۆرێک لە لامەرکەزیەت دەدات بە مەڵبەندەکان لە پارێزگاکان. جارێکی تر استحقاقی شارێک استحقاقی شارێکی تر ناخوات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو کراونەتەوە بەرکەوتەی ناوچەکان لە ئەندامانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بەراورد بە کۆنگرەی پێشوو بەمشێوەیە دەبێت.
سلێمانی لە 13 ئەندامەوە دەکرێتە 23 ئەندام کە تییدا 10 ئەندام زیاد کراوە، لە شارەزوور لە کۆنگرەی سێهەمدا 4 کەس دیاریکرابوو لەئێستادا دەکرێتە 6 کەس، گەرمیان لە 3 کەسەوە کراوەتە 4 کەس، چەمچەماڵ لە 1 کەسەوە دەکرێتە 3 کەس، هەولێر لە 6 کەسەوە دەکرێتە 15 کەس، کۆیە لە 3 کەسەوە دەکرێتە 4 کەس، سۆران لە 3 کەسەوە دەکرێتە 5، کەرکووک لە 7 کەسەوە بۆ 29 کەس بەرزکراوەتەوە کە 22 ئەندام زیاد کراوە، دیالە لە کۆی 5 ئەندام کە لە کۆنگرەی سێیەمدا دەستنیشانکرابوون هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، لە سەڵاحەدین کە پێشتر هیچ کەسیان بۆ دەستنیشان نەکرا ئێستا 2 ئەندامی دەبێت، لە راپەڕین لە 4 کەسەوە بۆ 9 کەس زیادکراوە لە دهۆک لە کەسێکەوە بۆ 3 کەس زیاد دەکرێت، لە بەغدا لەکۆنگرەی سێيەمدا هیچ ئەندامێکیان نەبوە، دەکرێتە 1 ئەندام.