سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شێخ حاتەم گحێس شەمەرى دەکات

حزيران/يونيو 23, 2024
میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ڕۆژى ٢٢ / ٦ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازیکرد لە کەسایەتیى ناسراوى عەشیرەتى شەمەر بەڕێز (شێخ حاتەم گحێس شەمەرى) و شاندى یاوەرى، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیى کوردستان و عێراق كرد.
ئێوارەى ڕۆژى شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و سەردار خدر سارمەمى ئەندامى یەدەگى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK ) پێشوازیکرد کەسایەتیى ناسراوى عەشیرەتى شەمەر بەڕێز (شێخ حاتەم گحێس شەمەرى و شاندى یاوەرى) و، لە دیدارەکەدا باسیان لە گیانى ئاشتى و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراق و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هۆزە کوردى و عەرەبییەکان کرد و، جەختیان کردەوە سەر بایەخدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیرى سیاسیى لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراقدا.
غەفوور مەخموورى باسى لەوە کرد کەوا ئاشتى و تەبایى کۆمەڵایەتى و یەکترقبوڵکردن سەقامگیرى سیاسى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، وتى : (ئەگەر سەیر بکەین ئەو پێکەوەژیانەى لەنێوان پێکهاتەکانى کوردستاندا هەیە، بۆتە نموونەیەکى زیندوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کەوا کوردستان ببێتە ئارامترین ناوچە، ئێمە شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان دەکەین و هەوڵدەدەین کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە مێرگى پێکەوەژیان بمێنێتەوە.)، هەروەها وتى: (لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کاربکەین بۆ بڵاوکردنەوەى رۆشنبیریى یەکترقبوڵکردن و قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان لە کوردستان و عێراقدا).
لە دوا تەوەری دیدارەکەشدا باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.