میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی و هاوکار مەحموود جێگرى سکرتێرى گشتى و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى وسەرکردایەتیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان کردووە و، بەبۆنەى 29 بیست و نۆیەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتەکەیانەوە و، پیرۆزبایى لێکردوون و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستوون، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
برای بەڕێزمان كاك باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان
براى بەڕێزمان کاک هاوکار مەحموود جێگرى سكرتێری گشتیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان
بەڕێزان ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان
سڵاوێکى برایانەى گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (29) بیست و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان (پارتى رەنجدەرانى کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانى پارتە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین.
بەڕێزان ؛ لەكاتێكدا كەوا یادی دامەزراندنی (پارتى رەنجدەرانى کوردستان) دەكەنەوە، كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان, داگیرکەران لە هەموو لایەکەوە هەڕەشە لە باشوورى کوردستان دەکەن و، رۆژانە کێشەى بۆ دروستدەکەن، ناوەندى سیاسیى کوردستانیش پەرش و بڵاوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە کوردستانییەکان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و پاراستنى قەوارەى سیاسیى باشوورى کوردستان، بێگومان ئەمەش ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەموو لایەکمانە
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.
لەگەڵ رێزى دووبارەماندا. ... هەر بژین و تەندروست و سەركەوتووبن.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
1 / 2 / 2024