وتاری كردنەوەی شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان YNDK کە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامى کۆنگرە هەڤاڵ ئەحمەد عەبدوڵڵا زەرۆ ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK خوێنرایەوە

تشرين2/نوفمبر 17, 2023

ـ بەڕێزان ئەندامانی شىەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

   ـ خوشكان.... برایان

 سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان (یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK)، لە خۆم و ئێوەی بەڕێز دەكەم و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەمان دەخوازم، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە بەستنی شەشەم كۆنگرەی خۆی پێ‌ دەنێـتە قۆناخێكی نوێ‌ و ئاسۆیەكی گەش چاوەڕێی دەكات و، هەڤاڵانمان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بە نوێنەرایەتی خۆیان ئەندامەكانیان بۆ شەشەم كۆنگرەی YNDK رەوانە كردووە،  بۆیە هەر لەو شار و شارۆچکانەو لەو شوێنانەی لێوەی هاتوون تا هۆڵی كۆنگرە بەخێرهاتنی یەكەیەكەتان دەكەین.

 هەڤاڵان: بەستنی شەشەم كۆنگرە بۆ YNDK خاڵی وەرچەرخانە لەبەر ئەوەی كوردستان و ناوچەكە بە قۆناخێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبن، بۆیە دەبێ‌ هەموومان بە لێپرسراویەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە نوێیەدا بكەین و هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی كۆنگرەكەمان و بڕیارو راسپاردەكانی شەشەم كۆنگرەمان بكەینە هۆكاری پێشڤەچوونی زیاتری یەكێتیمان YNDK و خزمەتكردنی نەتەوەكەمان.

 بەڕێزان، ئەندامانی شەشەم كۆنگرەی YNDK: ئەم كۆنگرەیە تەنیا بۆ YNDK گرنگی نییە، بگرە بۆ تەواوى کوردستان گرنگە، لەبەرئەوەی YNDK دان بە سنووری کێشراوو وەهمیی نێوان بەشەكانی كوردستاندا دانانێت و كار و خەباتی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزنە و خەمخۆری هەموو بەشەكانی وڵاتە، لەبەر ئەوە ئەم كۆنگرەیە بۆ هەموو تاكێكی كورد لە دەرەوە و ناوەوەى كوردستان بەگشتی گرنگی دەبێـت، بۆیە دەبێ‌ پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەكان زۆر بەوردی شەن و كەو بكەین، تاوەكو نەتەوەكەمان لە قۆناخێكەوە بەرەو قۆناخێكی دیكە ببەین و بە هەموو لایەكمان لەم كۆنگرەیەماندا كار بۆ بنیاتنانەوە و داڕشتنی بەرنامەی نوێ‌ و سەردەمیانە بۆ كارو خەباتی داهاتووی یەكێتمان YNDK بكەین ... دووبارە هەموو لایەكتان بەخێربێن سەرچاوان.

- بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو یەكگرتوو و دیموكرات.

- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموود و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

- بژی كورد و كوردستان ... بژی YNDK .

- سەركەوتوو بێت شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان  YNDK .