وتاری لێژنەی ئامادەكاری شەشەم كۆنگرەی YNDK ، کە لەلایەن هەڤاڵ د. شاخەوان خالید سەرۆکى لێژنەى ئامادەکار و کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK خوێنرایەوە

تشرين2/نوفمبر 17, 2023

ـ ئامادەبووانى بەڕێز ... ئەندامانی شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان YNDK

ـ هێژایان ...

 بەبۆنەی بەستنی شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان (یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK) پیرۆزبایی لەخۆمان ئێوەی بەڕێز دەكەین و بەخێرهاتنی كوردانە و دەستخۆشی هەڤاڵانە لەهەموو لایەکتان دەكەین، ئێمە لە لێژنەی ئامادەكاری شەشەم كۆنگرەی YNDK كە لەلایەن سەركردایەتیی YNDK دیاریكراین و راسپاردراین، بەوپەڕی بەرپرسیارییەتی تاوەكو ئەمڕۆ ئەڕكەكانی سەرشانمان بەجێگەیاندووەو بەهاوكاری هەموو هەڤاڵان توانیمان سەرجەم پێداویستی و ئامادەكارییەكانی كۆنگرە تەواو بكەین، لە ئێستاوە ئەرك و كارەكانی دیكەی كۆنگرەكەمان دەخەینە ئەستۆی ئێوەی بەڕێز و دڵسۆز. 

  - خوشكان ... برایان: ئەندامانی شەشەم كۆنگرەی یەكێتمان YNDK:

 ئەوەی بەلامانەوە زۆر گرنگە ئێمە سەركەوتووانە كارەكانی لیژنەی ئامادەكارمان بەجێگەیاندووە، ئێستاش ئەو ئەركە مێژووییە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە تاوەكو لە كۆنگرەكەمان لەخۆبردووانە كارەكانی كۆنگرە رابپەڕێنین و، بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی هەرچی ئەڕكە لەسەر شانمان دڵسۆزانە بەجێیبگەیەنین و، پێویستە لە كۆنگرەدا بە گیانێكی هەڤاڵبەدانەو ئازادانە و بۆێرانە گفتۆگۆ بكەین و، بە گڕوتینەوە بەشدارییەكی چالاكانە لە هەموو دانیشتەكانی كۆنگرەدا بكەین، تاوەكو بتوانین كۆنگرەكەمان بكەینە كۆنگرەی بنیادنانەوەی YNDK و بەرنامەیەكی سەردەمییانە و مۆدێرن بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دابڕێژین، بۆ ئەوەی YNDK لەداهاتوو چالاكانەتر بپرێژێتە سەر مەسەلە و پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەكانمان و لە گۆڕەپانی سیاسی كاریگەرتر بەدیار بكەوێت، لەبەر ئەوە پێویستە پەیمان بدەین هەموو لایەكمان كار بۆ سەرخستن و سەركەوتنی شەشەم كۆنگرەی YNDK بكەین و، ئەم كۆنگرەیە بكەینە نموونەی كۆنگرەكانی پێشوومان و، لە كۆتایی كۆنگرەدا بڕیار لەسەر بڕیار و راسپاردەی گرنگ بدەین كە هەموویان ببنە خاڵی وەرچەرخان بۆ داهاتووی گەشی YNDK و نەتەوەكەمان.

 بێگومان ئەمەش بەوە دەبێت بەشدارییەكی چالاكانە و راستەقینەی گفتوگۆ و دانیشتنەكانی كۆنگرە بکەین و بە گیانێكی وەرزشی هەموو رەخنە و ئاكامەكان وەربگرین و بە گیانی هەڤاڵبەندی و ورەبەرزی و گڕوتینەوە یەكێتمان YNDK بەرەو قۆناخێكی نوێ‌ و پڕشنگدار ببەین كە ئەمە داخوازی و ئاواتی هەموو لایەكمانە.

 بەڕێزان: كۆنگرە وێستگەی هەڵوەستەكردنی نێوان دوو كۆنگرەیە و تیایدا كارەكان زۆر بەوردی شەن و كەودەكرێت و لەژێر رۆشنایی دیاریكردنی كێماسییەكان و خاڵە پۆزەتیڤەكان كارنامەی نوێ‌ دادەنرێت و، ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویانداوەو ئێستاش بەردەوامن  بەهۆیەوە كۆمەڵێك وڵاتی دیكتاتۆر رژێمەكانیان لەلایەن گەلەكانیانەوە رووخێندران و دەسەڵات كەوتەوە دەست جەماوەرەكانیان، ئومێد دەكەین بەهاری كوردیش بەڕێوە بێت و هەموو بەشەكانی كوردستان لەدەست رژێمە داگیركەرەكانی كوردستان رزگاریان بێت.

 لەكۆتاییدا هیوای سەرخستنی كۆنگرەكەمان دەكەینە ئامانج و هەر بژین و سەركەوتوو بێت شەشەم كۆنگرەی (YNDK)

- بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو یەكگرتوو و دیموكرات.

- مردن و روورەشی بۆ داگیركەرانی كوردستان

- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموود و گشت شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان .

 

لێژنەی ئامادەكاری شەشەم كۆنگرەى YNDK

11 / 11 / 2023 هەولێر - کوردستان