میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ 15 / 11 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان كرد و، لەدیدارەكەدا شاندى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بەبۆنەى سەرکەوتنى کۆنگرەى شەشەمى YNDK پیرۆزبایى خۆیان بە سکرتێرى گشتی و سەرکردایەتیى YNDK راگەیاند.
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار مەخموورى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK ) پێشوازیكرد لە شاندى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (شوان رابەر ئەندامى ئەنجوومەنى باڵا و موحسین دەشتى بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکان و دکتۆر یاسین پیرئۆمەرى ئەندامى نووسینگەى پەیوەندییەکان)، لەدیدارەكەدا شاندى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بەبۆنەى سەرکەوتنى شەشەم کۆنگرەى YNDK و هەڵبژاردنەوەى سکرتێرى گشتى و هەڵبژاردنى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK بەناوى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان پیرۆزباییان لە سکرتێرى گشتیى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK کرد و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواستن، سکرتێرى گشتیى YNDK لەلایەن خۆیەوە سوپاس و پێزانینى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ پیرۆزبایى و سەردانى شاندى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان دەربڕى، هەر لەدیدارەكەدا جەختکرایەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلى کوردستان و، هەروەها پاراستنى قەوارەى سیاسى و دەستوورى هەرێمى کوردستان وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى باسى لێوەکرا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.