بۆ راى گشتى: ناكرێ‌ رۆژئاواى کوردستان ببێتە گۆڕستان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش سەیرکەر بێت

تشرين1/أكتوير 07, 2023
- جەماوەری تێکۆشەرو وڵاتپارێزى كوردستان .. .
- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
بۆ چەند رۆژێک دەچێت رژێمى داگیرکەرى تورکیا بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و تۆپ و موشەکى دۆرهاوێژ هیرش دەکاتە سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەمەیش وايكردووە رۆژئاواى کوردستان بکەوێتە رەوشێكی زۆر دژوار, بەتایبەت ئەوەی ئێستا كەوا بەرامبەر رۆژئاواى کوردستان دەگوزەرێ‌ هەوڵێکە بۆ وێرانکردنى ژێرخانى رۆژئاواو لە جینۆسایدێكی دیكە نزیكدەبێتەوە, بۆیە ناكرێ‌ لە ئاست ئەو كارەساتە چاوەڕوانكراوەدا بێدەنگ بین, ئەو هێرش و موشەکبارانکردنە دڕندانەیەی كەوا لەلایەن تورکیاوە دەكرێتە سەر رۆژئاواى کوردستان‌ پیلانێكی بۆگەن و داڕێژراوەو درێژکراوەى ئەو پیلانانەیە کەوا تورکیا بەرامبەر رۆژئاواى کوردستان ئەنجامیدەدا، ئێمە لە کاتێکدا ئەو هەڕەشەو هێرشانە بەتوندى ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، بە هەموو لایەکیشى رادەگەیەنین کەوا ماوەیەکە داگیرکەرانى کوردستان پیلان دادەرێژن بۆ لێدانى سەرجەم بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان لە تەواوى بەشەکانى کوردستاندا، پیلانێکى سێقۆڵى عێراق و تورکیا و ئێران لە ئارادایە بۆ لاوازکردن و سنوورداکردنى کارو خەباتى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانیى کوردستان لە باشوورو باکوورو رۆژهەڵات و رۆژئاواى کوردستان، داگیرکەرانى کوردستان بۆ لێدانى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانیى کوردستان سەرەڕاى جیاوازییەکانیان یەکدەگرن، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان یەکگرتوو نین بەرامبەر ئەو پیلان و مەترسییانە.
- حزب و لایەنە سیاسییە وڵاتپارێزەکانى کوردستان ...
- رێکخراوو سازییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...
ئەو رەوشەى کەوا رووبەڕووى رۆژئاواى کوردستان بۆتەوە لەهەموو لایەکمان دەخوازێت بێدەنگ نەمێنین و هەموو هەولێكمان بخەینەگەڕ و هەموو رێگایەك بگرینەبەر و فشاری مەدەنییانە دروست بكەین بۆئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانای خەڵكی رۆژئاواى کوردستانەوە بێن و لەو مەرگەساتە چاوەڕوانکراوەدا رزگاریان بكەن.
لێرەوە بانگ لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان UN و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کەوا بە هاناى خەڵکى (رۆژئاواى کوردستان)ەوە بێن و بێدەنگ نەمێنن، ناكرێ‌ لەوێ‌ شارو شارۆچکەو گوندەکان ببنە گۆڕستان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش سەیرکەر بێت، بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارو پوچیان دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى رێز لە مرۆڤ دەگرێت پێویستە مرۆڤى کوردستان لەو هەڕەشەو هێرش و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە.
- سەرکەوێ ویستى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ داگیرکەرانى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٧ / ١٠ / ٢٠٢٣