میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٤ / ٩ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK و شاندێکى یاوەرى كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى و جەلال سمایل کارگێڕانى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (زەینەب موراد هاوسەرۆکى KNK و، زەینەب مستەفا ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى و چەتۆ بەڕانەتى و شوکروڵڵا حەمەدەمین ئەندامانى KNK)، لەدیدارەكەدا سەبارەت بە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گفتوگۆیان كرد و، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد و، هەردوولا هاوڕابوون کەوا پێویستە راوێژى سیاسیى و هەماهەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و دەربازکردنى قەیرانەکان، هەروەها باس لەوە کرا کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.