مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK له‌گه‌ڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كۆده‌بێته‌وه‌

میدیا - هەولێر :

 

ئێواره‌ی ئەمڕۆ 21-8-2023، شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK له‌ باره‌گای KNK له‌گه‌ڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كۆده‌بێته‌وه‌، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆنفرانسی سه‌د ساڵه‌ی لۆزان و كاره‌كانی KNK له‌ باشووری كوردستان كرد.

شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK كه‌ پێكهاتبوو له‌هه‌ڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاكر هاشم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و فاخر نانه‌كه‌لی كارگێڕی مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و ئه‌رسه‌لان كاروانی ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK ) له‌ باره‌گای KNK له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی )کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستانKNK )یان كرد و پێشوازیكران له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵان ( زه‌ینه‌ب موراد هاوسەرۆکى KNK و فه‌رهاد ره‌سول و دەنیز هێڤى و هه‌ڤاڵ زیلان ئەندامانى KNK)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو كاره‌كانی كۆنفرانسی سه‌د ساڵه‌ی لۆزانیان هه‌ڵسه‌نگاند، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان، تاكه‌ فاكته‌ری سه‌ركه‌وتن یەكێتی نه‌ته‌وه‌یی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لایه‌نه‌كانه‌ بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی ته‌واوی مافەكانی گەلی كوردستان.

هەر لە دیدارەكەدا باس له‌كاره‌كانی KNK له ‌باشووری كوردستان و زیاتر به‌ره‌و‌ پێشبردنی كرا، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ چه‌ترێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ حزب و لایه‌نه‌كان و وڵاتپارێزانی كوردستان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.