میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ 17 / 8 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی سەرۆکى پارتى سەربەستیى کوردستان-ى کرد و، سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا گفتوگۆیان کرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە لە شارى هەولێر سەردانى بەڕێز (عارف باوەجانى سەرۆکى پارتى سەربەستیى کوردستان)-ى کردو، لەدیدارێکى برایانەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و ناوچەکە كراو، جەختكرایەوە سەر یەكدەنگی و یەكڕیزی تەواوی پێکهاتەو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سوود وەرگرتن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە، بۆ ئەمەش داڕشتنى کارنامەیەکى نیشتمانى بۆ یەكڕیزى و یەک گوتاری گەلی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا بەگرنگ وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا باس لە رەوشى سیاسیى رۆژهەڵاتى کوردستان کراو، جەختکرایەوە سەر هاوکارى و هاوخەباتى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى وڵات.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.