هۆزى بەنى سەخەر میواندارى غەفوور مەخموورى دەکات

تموز/يوليو 02, 2023

غەفوور مەخموورى: ئەو پێکەوەژیانەى لەنێوان پێکهاتەکانى کوردستاندا هەیە بۆتە نموونەیەکى زیندوو لە ناوچەکەدا

 

  میدیا - عەمان:

 نیوەڕۆى  رۆژى ٢ / ٧ / ٢٠٢٣ کەسایەتیى ناسراوى هۆزى بەنى سەخەر بەڕێز شێخ عەلى ئەلجبور لە شارى عەمان-ى پایتەختى ئوردەن، لە رێوڕەسمێکى تایبەتدا میواندارى سكرتێری گشتیی YNDK-ى كردو, باسیان دۆستایەتى نێوان هۆزە کوردى و عەرەبییەکان و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا کرد.

 نیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە، کەسایەتیى ناسراوى هۆزى بەنى سەخەر بەڕێز شێخ عەلى ئەلجبور لە رێوڕەسمێکى تایبەتدا لە ماڵى خۆیدا لە شارى عەمان-ى پایتەختى ئوردەن، میواندارى غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK-یان کرد، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزيان و بەڕێزان (د. ئەحمەد خەلایلە جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئوردەن  و د. مستەفا عەماوى ئەمیندارى گشتیى پارتى ئیئتلافى نیشتمانى ئوردەن و ژمارەیەکى لە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەران و بەرپرسانى حزبى و حکومى ئوردەن و ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزە عەرەبییەکانى عیراق و ئوردەن) پێشوازی كران، لە دیدارەکەدا باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هۆزە کوردى و عەرەبییەکان کرد و، جەختیان کردەوە سەر بایەخدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیرى سیاسیى لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، غەفوور مەخموورى باسى لەوە کرد کەوا ئاشتى و تەبایى کۆمەڵایەتى و یەکتر قبوڵکردن سەقامگیرى سیاسى بەدواى خۆیدا دەهێنێت و، ئاماژەى بە رەوشى پێکەوەژیانى پێکهاتەکانى کوردستان کرد و، وتى : (کوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانییەوە وەک یەک خێزان پێکەوە دەژین، ئەگەر سەیر بکەین ئەو پێکەوەژیانەى لەنێوان پێکهاتەکانى کوردستاندا هەیە، بۆتە نموونەیەکى زیندوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کەوا کوردستان ببێتە ئارامترین ناوچە، ئێمە شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان دەکەین و هەوڵدەدەین کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە مێرگى پێکەوەژیان بمێنێتەوە.)، هەروەها مەخموورى وتى: (لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کاربکەین بۆ بڵاوکردنەوەى رۆشنبیرى یەکترقبوڵکردن و قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان.)، لە دوا تەوەری دیدارەکەشدا باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.

 شایانى باسە بەڕێز شێخ عەلى ئەلجبور لەسەر شەرەفى سکرتێرى گشتیى YNDK نیوەڕۆخوانێکى بۆ ئامادەبووان رێکخستبوو.