دیمانە: عەلی بداغی
د. ئاسۆ حه‌سه‌نزاده: با جارێک بۆ هه‌میشه قبووڵی بکه‌ین که هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان پێویستییان به یه‌كتره
وتووێژی ڕۆژنامه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ جێگری سکرتێری گشتی و وته‌بێژی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب
گۆڕانکارییەکان لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر خێرا و بەلەز ڕوو دەدەن و کورد بەشێکە لە ئەکتەرەکان و لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەدا، بە تایبەت لە سووریە و ڕۆژاڤای کوردستان کە گۆڕانکارییەکان تا ڕادەیەک بە زیانی کورد شکاوەتەوە. ناڕەزایەتییەکان لە لوبنان و عیراق و لێکەوتەکانی کە تا ڕادەیەک پێی ئێرانی گرتووەتەوە و ئەم باس و خواسانەی ئەم دواییانە لەسەر پرسی نەتەوەیی لە ئێران هاتنە گۆڕی؛ هەمووی باسهەڵگرن.
“کوردستان” بۆ تاوتوێی ئەم بابەتانە و لێکدانەوەی چەند تەوەرێکی تر وتووێژێکی لەگەڵ د. ئاسۆ حەسەنزادە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە.
ئه‌و ماوه‌یه چ بۆ کورد و چ له ناوچه‌دا مانگێکی پڕ ڕووداو و پێشهاتمان تێپەڕ کرد، بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی ڕۆژئاوای کوردستان، کێشه و ناڕەزایەتییەکان له هێندێک له وڵاتانی ناوچه‌دا، … هتد. ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌ی ئایندهی کورد و نەخشی ئێرانه‌وه چاو له دۆخه‌که بکه‌ین، هه‌مووی ئه‌م گۆڕانکارییانە چه‌نده له بەرژەوەندیی خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که گرینگ‌ترین ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌و ماوه‌یه ئه‌وانه بوون که باست کرد به‌ڵام ئێمه پێویسته چ بۆ دۆخی خۆمان وه‌ک کورد و چ له ئاستی ناوچه‌دا ته‌نیا به دیدێكی محه‌للی بیر نه‌که‌ینه‌وه. ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆخۆی زۆر له‌مێژه ناوه‌ندی قورسایی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه. له ساڵانی ڕابردووش‌دا زیاتر له هه‌ر کاتێک بووه به تێئاتری ململانه و ڕکابه‌ریی زلهێزه‌کانی دنیا. ده‌توانم بڵێم که ده‌وروبه‌ری ئێمه ناوچه‌یه‌که هه‌ڵگری دینامیزمێکی ئه‌وه‌نده ڕاکێشه‌ری سه‌رنجی ده‌ره‌کی و به‌ریه‌ککه‌وتنی نێوخۆییه که هیچ ناوچه‌یه‌کی جیهان نیه‌تی. له جیهانی پێکه‌وه گرێدراوی ئه‌مڕۆشدا پێویسته هه‌میشه ئاستی ئانالیزمان به‌ره‌و فاکتۆره جیهانییه‌كان به‌رز بکه‌ینه‌وه. ئه‌وه به مانای له‌بیر کردنی هۆکاره لۆکاڵییه‌کانی کێشه و پێشوه‌چوونه‌کان نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو کاری ئێمه ده‌بێ بۆ باشتر ناسین و ئاقاربهخشیی زیاتر به دینامیزمه نێوخۆییه‌کان بێ، چونکه دۆخی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که به‌رهه‌می ده‌ستێوه‌ردان و سیاسه‌تی ناعادڵانه‌ی زلهێزه‌کانی دنیایه، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و عه‌رزه‌ی که لێی ده‌ژین و له‌و واقیعه مه‌یدانییه‌دا که له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووین قابیلی گۆڕانه. کورد له خه‌باتی خۆیدا ده‌بێ هه‌میشه پشت به هێز و توانای خۆی ببه‌ستێ و تێ‌بکۆشێ باڵانسی هێز له‌پێشدا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی حاكم به‌سه‌ر کوردستان و ڕکابه‌ره محه‌للییه‌کانی خۆی بگۆڕێ. به‌ڵام هه‌ڵه ده‌بێ ئه‌گه‌ر زه‌رووره‌تی سه‌رنج و پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێ بخه‌ین. سه‌باره‌ت به پێشهاته‌کانی ئه‌م دواییانه، نموونەکانی ئیشارە پێ کردوون له جنسی جیاوازن و مهلامح و لێکه‌وته‌کانیشیان بۆ ئێمەی وه‌ک کورد وه‌ک یه‌ک نییه. له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا ڕووی دا بۆ هه‌موو کورد زۆر تاڵ بوو. به‌هۆی به‌ستێنێکی سیاسیی پێشووتر که له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره کوردییهكان خۆشیانه‌وه کۆمه‌ڵێك هه‌ڵه و که‌مایه‌سیی تێدا بوو و به‌هۆی سیاسه‌تی ده‌مده‌می و قازانجپه‌رستانه‌ی ئیداره‌ی ئێستای ئامریکا، ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترساین ڕووی دا و مه‌یدان بۆ جێبه‌جێکردنی پیلانی له‌نێوبردنی ئه‌زموونی ڕۆژئاوا خۆش بوو. ئه‌وه‌ی ڕووی دا یان له حاڵی ڕوودانه، به زیانی هه‌موو کورد و به قازانجی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی حاکم به‌سه‌ر کوردستانه به کۆماری ئیسلامیشه‌وه. ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم به‌ده‌ستی خۆمان شه‌رعیه‌ت به پشتتێکردنی ئامریکا له کورد بده‌ین و بڵێین مادام ده‌وڵه‌تانی دیکه به‌دووی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه‌وه‌ن، هه‌ر جۆر له‌گه‌ڵمان بجووڵێنه‌وه هه‌قیانه. به‌ڵام پێم وایه پێویسته له خۆمان بپرسین بۆچی کورد نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌نده یه‌کگرتوو بێ و خۆی ئه‌وه‌نده سه‌رنجڕاکێش بکا، که زلهێزه‌کان هه‌ر چه‌ند ده‌یه و هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک و چه‌ند جار پشتی به‌رنه‌ده‌ن. دیاره با ئه‌وه‌ش ببینین که هێرش و داگیرکاری بۆ سه‌ر ڕۆژئاڤا ده‌رفه‌تێکی نوێ له خۆده‌رخستنی کورد و وه‌ده‌نگ هاتنی بێوێنه‌ی ناوه‌نده سیاسییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی دنیا له کوردی دروست کرد. هه‌مووی ئه‌مه بۆ ده‌کارخستنی زیاتر ده‌بێ و پێم وایه ئه‌گه‌ر بژارده‌ی کوردی ڕۆژئاوا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان دانیشن بیرێک له‌و دۆخه بکه‌نه‌وه که کوردی تێدایه و مشوورێک له پێوه‌ندییه‌کانی نێوان خۆیان و ڕێکاره‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر کورد بکه‌نه‌وه، ئێستاش زه‌رفیه‌تی باش بۆ پێچه‌وانه کردنه‌وه‌ی ئاقاری رووداوه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌یه. به‌ڵام شتی وا به‌رنامه‌ڕێژیی درێژخایه‌ن، پشووی درێژ و له هه‌مووی گرینگتر باوه‌ڕ و پێبه‌ندیی نێوان کورده‌کان پێویسته. ده‌بێ جارێک بۆ هه‌میشه ئه‌وه قبووڵ بکه‌ین که سه‌ره‌ڕای واقیعی سیاسی و ئاجێندای جیاوازیان، هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان پێویستیان به‌یه‌كتره.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆپێشاندنه‌کانی عێراق و لوبنان و پێوه‌ندیی به ڕۆڵی ئێرانه‌وه چ ده‌ڵێن؟
ده‌ستێوه‌ردان و ڕۆڵی خراپکارانه‌ی کۆماری ئیسلامی له عێراق و لوبنان و له نموونه‌که‌ی پێشووشدا واته سووریه، له که‌س شاراوه نییه. له‌بیرمه جارێکیان ڕۆژنامه‌نووسێکی بیانی له سه‌رکرده‌یه‌کی پێشووی حیزبی ئێمه‌ی پرسی که ئایا ئێران له عێراقدا ده‌ستێوه‌ردان ده‌کا؟ ناوبراو به زمانی ته‌نز وڵامی دایه‌وه و گوتی نه‌خێر نایکا، چونکه ئێره ماڵه خۆیه‌تی! دیاره له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا زه‌مینه و زه‌رفیه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستای عیراق و لوبنان یه‌ک نین. به‌ڵام یه‌ک شت له هه‌ردووکیاندا حازره و ده‌توانێ بۆ ئایندهی کۆماری ئیسلامی و ناوچه به گشتی گرینگ بێ. ئه‌ویش ئه‌وه که له هه‌ردووکیان ده‌نگه‌کان به‌دژی خۆتێهه‌ڵقورتاندن و خراپکاریی کۆماری ئیسلامی تا دێ زه‌ڵاڵتر ده‌بن. له‌خۆڕا نییه که خامنه‌یی به‌و له‌حنه ئیشاره‌ی به خۆپیشانده‌رانی عێراقی کرد. ئه‌من هیچ گومانم نییه که ئه‌و سنایپهرانهی گیانی خۆپێشانده‌رانی عیراقی ده‌ستێنن، به‌کرێگیراوی ئێرانن، ئه‌گه‌ر ئێرانی نه‌بن.
ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له فه‌زای سیاسیی نێوخۆی ئێرانیشدا هه‌بوو. یەک لەوان ئەو باسانە بوو کە لە پاڕلمانی ئێران کرا. لێکدانەوهتان بۆ ئەم باس و بابەتانە چین کە لەو پێوه‌ندییه‌دا پارلمانی ئێران‌دا هاتنە گۆڕێ؟
له‌پێشدا ئه‌وه که پارلمانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌رکوتکه‌ری کورد دانیشتنی تایبه‌تی له‌سه‌ر دۆخی کورد له به‌شێكی کوردستاندا دابنێ، به شتێکی باش ده‌زانم. هه‌رچه‌ند موشکلی کورد به‌وه حه‌ل نابێ، به‌ڵام ئه‌و جۆره شتانه فاکته‌ری کوردی له زێهنی سیاسیی بژارده حاکمه‌کاندا زیاتر وه‌ك پرسێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر لێ ده‌کا. له‌و باس و خواسانه‌دا هێندێک شتی باشیش گوتراون. به‌ڵام به‌و ده‌لیله ئیشکالیان تێدا ده‌بینم که زۆرتر له سۆنگه‌ی دژایه‌تیی تورکیه یان گرژیی نێوان تورکه‌کانی ئێران و کورده‌وه چوونه پێش. به‌شێك له نوێنه‌ره کورده‌کان ته‌نیا به دیدی دژایه‌تیی ئه‌ردۆغانه‌وه قسه‌یان کرد. وته و ڕه‌فتاری نوێنه‌ره تورکه‌کانیش به ئاشکرا ڕق و دژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو کوردی لێ ده‌باری. ئه‌من پێم وایه ڕێژیم هیچکام له‌وانه‌ی پێ ناخۆش نییه، واته ئه‌وه که بژارده‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات پارچه‌که‌ی خۆی له‌بیر بچێته‌وه و هه‌ر له به‌ره‌ی دژه عوسمانی‌دا چالاک بێ؛ له‌ولاشه‌وه گرژیی نێوان نه‌ته‌وه‌کانی ئێران په‌ره بستێنێ و لاوازبوونی کوردی لێ بکه‌وێته‌وه.
بەڵام کورد و تورک وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی ئێران به‌تایبه‌تی که دراوسێشن، ده‌بوو هاوخه‌م و هاوخه‌بات بن. بۆ وا نییه؟ چەند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر لە یاریگەی تەورێز دروشمی «مەرگ بۆ کورد» درا. چی وا دەکا کورد و تورک بەجێی ئەوەی هاوخەبات بن، تورک کورد بە ڕکەبەر و نەیاری خۆی دابنێ؟ مەترسییەکانی پەلوپۆ هاویشتنی ئه‌م گرژییانه که وا دیاره سیستماتیکه و ده‌ستی ڕێژیمیشی له‌پشته چین و رێگاچاره چیە؟
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێژیم شته‌که ڕوونه: جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ئێران به تورکان ته‌نراوه و ئێ‌لیتی فارس له‌نێو ده‌سه‌ڵاتیش پێی خۆشه بۆ دژایه‌تی و لاوازکردنی کورد (چونکه هه‌میشه کورد بۆ مافی خۆی و به‌دژی دیکتاتۆری مکوڕتر بووه) یان بۆ ترساندنی سه‌رجه‌م خه‌ڵک و ئۆپۆزیسیۆن له باڵکانیزه بوونی ئێران، گرژییه قه‌ومییه‌كان به زیندوویی ڕابگرێ و به‌پێی شوێن و هه‌لومه‌رج که‌م و زیادی بکا. بێخهبهر له‌وه که دووکه‌ڵی ئه‌و ئاگره ئاخری ده‌چێته‌وه نێو چاوی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ته‌واوه‌تی ئه‌رزیی ئێران که گۆیا زۆری له خه‌مدان چاکتر ده‌چێته ژێر پرسیار. ئه‌مڕۆ به‌شێکی گرینگ له نوخبه و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئاسایی له‌نێو تورکه‌کانی ئێران ڕوویان زۆرتر له تورکیه و پان_تورکیسمه تا له تاران. سهبارهتبه پێوه‌ندیی کورد و تورکیش، ده‌بێ بزانین که دۆخی کورد و تورک له ئێران‌دا قه‌ت وه‌ک یه‌ک نه‌بووه و تورکه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تییه‌کانی دیکه ژێرده‌سته نه‌بوون. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که ئێمه‌ش شۆڤێنیستانه بجووڵێینه‌وه و حاشا له مه‌وجوودیه‌ت و مافه‌کانی ئه‌وان بکه‌ین. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن ده‌كرێ مافه‌کانی هه‌مووان وه‌دی بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافخوازیی گه‌لێک له‌سه‌ر حیسابی هه‌قی گه‌لێکی دیکه بێ. ئه‌من پێم وایه بۆ پێشگیری له کاره‌ساته‌کانی ئاینده، پێویسته دوو کار بکه‌ین: یه‌که‌م و له هه‌مووی گرینگتر، یه‌كگرتوویی و خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کورد بۆخۆیه‌تی. ئێمه به‌داخه‌وه ئێستاش به‌و جۆره‌ی پێویسته داتا و زانیاریمان له‌سه‌ر واقیعیه‌ته مێژوویی و جوغرافییه‌کان و ئاڵوگۆڕه‌کانی دێمۆگرافیی ئێتنیکی و ورده‌کاریی بنه‌ما ستراتێژییه‌كانی قه‌واره و نیهاده‌کانی ئایندهی خۆمان نییه؛ به‌رنامه‌رێژی چڕ‌وپڕ و درێژخایه‌ن و یه‌كگرتوومان نه‌کردوه؛ ڕێکاره‌کانمان نیوه‌چڵ و پرش‌وبڵاو و کاتین. ده‌بێ بزانین پرسی ئێمه به خه‌ون و ئاره‌زوو و دروشمی قه‌به جێبه‌جێ نابێ. ده‌بێ دووره‌دیمه‌نێکی سه‌روه‌ریخوازانه بۆخۆمان دابنێین، به‌ڵام ئه‌وه له هه‌موو بواره‌کاندا هه‌نگاوی ورد و پلانمه‌ند و درێژخایه‌نی ده‌وێ. دووه‌م، له‌باره‌ی پێوه‌ندیی کورد و تورک، من پێم وایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ده‌بێ بۆخۆمان وه‌ها به‌هێز بین که چیدیکه که‌س بیر له کۆمه‌ڵکوژیمان نه‌کاته‌وه و خاک و ناسنامه‌مان جرجانخواردوو نه‌كه‌ن، به‌ڵام گرژیی نێوان نه‌ته‌وه‌کان و زه‌مینه‌ی یه‌كتر پاکتاوکردن به قازانجی که‌س نییه. زۆرتریش به زیانی کورده، چونکه ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کاره‌ساتی به‌ربڵاو ڕوو بدا، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی بێکهستره، تورکه‌کان نین، به‌ڵکوو کورده. هه‌ربۆیه ئێمه وێڕای ساغکردنه‌وه‌ی خاک و نیشتمانی خۆمان و به‌هێزکردنی بنه‌ما سیاسی و ئیداری و فه‌رهه‌نگی و ئابوورییه‌كانی ئه‌منیه‌تی قه‌ومیی خۆمان، ده‌بێ کار له‌سه‌ر دیالۆگ و لێکگه‌یشتنی نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه گرینگه‌ی ئێران بکه‌ینه‌وه و وا بکه‌ین که له موناسباتی ئێستا و ئایندهی نێوانماندا ئه‌قڵ و مه‌نتق و عه‌داڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش باڵاده‌ست بن. بۆ ئه‌وه ئێمه دوو ئه‌زموونی مێژووییشمان هه‌یه، یه‌کیان هیی سمایل ئاغای شکاک (سکمۆ)یه، ئه‌وی دیکه‌ش هیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ده. وه‌ک خۆم پێم وایه ده‌بێ بۆ ئه‌مڕۆ و ئاینده تهلفیقێک له هه‌ردووکیان دروست بکه‌ین؛ واته هه‌م بۆخۆمان به‌هێز بین و مه‌یدانداریی ڕه‌وا بکه‌ین، هه‌م بۆ لێکگه‌یشتن و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و پێوه‌ندیی بنیاتنه‌ری نێوانمان هه‌وڵ بده‌ین.
هەڵوێستی بژارده‌ی نەتەوە غەیرە کوردەکانیش جێی تێڕامانە. لە کاتە ناسکەکاندا هەموویان شمشیر و خەنجەر لە کالان دێننە دەرێ و ڕوو بە کورد ڕایدەوەشێنن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن کورد جیاییخوازه. له‌حاڵێکدا که کورد ئه‌وه‌نده‌ی بۆ مافی خۆی خه‌باتی کردوه، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ نه‌هێشتنی سه‌ره‌ڕۆیی له ناوه‌نددا تێکۆشاوه. ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه که کورد خۆی یه‌کلا بکاته‌وه و وێژمانی خۆی بگۆڕێ؟
ڕه‌نگه پێت سه‌یر بێ ئه‌گه‌ر بڵێم نه‌خێر! ئێمه له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که له‌گه‌ڵ بوونی ده‌رفه‌تی نوێ بۆ گه‌لان، به‌ربه‌ستی نوێش له‌سه‌ر ڕێگایان زۆره. ناکرێ به فۆرمووله ساده‌کانی سه‌رده‌مانی پێشوو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعییه‌ته‌کانی دنیای ئه‌مڕۆ بکه‌ین. له بنه‌ڕه‌تڕا ئه‌مڕۆ هیچ گه‌لێک و ته‌نانه‌ت هیچ ده‌وڵه‌تێک بۆ هیچ پرسێك به‌موتڵه‌قی و بۆ هه‌میشه خۆی یه‌کلا ناکاته‌وه. به‌ڵکوو دیپڵۆماسیی هاوته‌ریب و جووڵه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و ئاڵۆز به‌ڵام ئاراسته‌کراو ده‌گرێته‌به‌ر. هێندێک که‌س له‌خۆڕا ئامانج و مێتۆد و به‌ستێن و پۆتانسیه‌له جیاوازه‌کان دابه‌ش ده‌كه‌ن و له به‌رامبه‌ر یه‌كتریان داده‌نێن. هه‌موو شتێک به دیاریکردنی دووره‌دیمه‌ن و ئه‌وله‌ویه‌ت و پۆلێن و یه‌کخستن و ڕێکخستنی شته‌کانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. مه‌علوومه خه‌باتی ئێمه وه‌ک کورد پێش هه‌موو شتێک بۆ مافی خۆمان، بۆ خه‌ڵکی خۆمان و بۆ خاکی خۆمانه. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که خۆمان لێ ببێ به تاکه ئه‌کته‌ر و بڕیارده‌ری مه‌یدانه‌که و که‌سی دیکه نه‌بینین. مادام له‌گه‌ڵ یار و نه‌یاران ڕووبه‌ڕووین، مادام ئه‌کته‌ری دیکه‌ی ته‌نانه‌ت له ئێمه به‌هێزتر له مه‌یداندان، ده‌بێ جۆری ڕوانین و ڕه‌فتاری ئه‌وانمان بۆ گرینگ بێ. لێره‌دایه که پێم وایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه هه‌ر ده‌بێ مافه‌کانی کورد و یه‌كگرتوویی و به‌هێزبوونی خۆمان بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئامانجی کۆتایی ئێمه سه‌ربه‌ستیی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و به‌ختیاریی کورد وه‌ک ئینسانه، به‌ڵام دێموکڕاسی له وڵاتانی ناوچه‌دا و ڕه‌فتاری ئه‌قلانی ئهکتهرهكانی دیکه هه‌رچه‌نده زه‌حمه‌ت و دووره‌ده‌ستیش بێ، هه‌ر ده‌بێ بۆمان گرینگ بێ و له هه‌وڵیدا بین. ئه‌وه ئه‌و کاته‌ی کورد خه‌تی خۆی جیا بکاته‌وه و بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌بات بکا، پێویستتریشه. له‌و شوێنه‌دا که ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا خاڵی به‌هێزی خۆیان له مووشه‌ک و تانک و ته‌یاره‌دا ده‌بینن، خاڵی به‌هێزی ئێمه ئیراده‌یه، جههانبینییه، باوه‌ڕ و به‌هایه. به قه‌ولی قانع «چه‌کی شۆڕشگێڕیی من نووسین و بیروباوه‌ڕه، ئه‌و دژمنهی هیوای به به‌ندیخانه‌یه». به دڵنیاییه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه که بۆ دێموکڕاتیزاسیۆنی به‌رامبه‌ره‌کانمان یان بۆ وه‌ده‌نگ هاتنی نیهاده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌یده‌ین، له‌پێشدا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆماندا ده‌یده‌ین. ئه‌من قبووڵمه که نابێ وه‌کیلی خه‌ڵكانی دیکه و به‌ڵاگێڕه‌وه‌ی که‌س بین، به‌ڵام با واشی لێ نه‌یه که له‌ژێر ناوی واقعبینیدا سه‌ره‌تاییترین چه‌مک و به‌هاکان بێنینه ژێر پرسیار. کاری ئێمه له هه‌ر حاڵ‌دا سه‌خته، بۆیه ده‌بێ له هه‌موو لایه‌که‌وه و به هه‌موو ڕێگایه‌کی مومکین و مه‌شرووع له فکریدابین.
د. ئاسۆ با بێینە سەر باس و بابەتێکی دی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نیسبەت پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر لەسەر هەستە، بەڵام بە نیسبەت دۆخی خۆی لە بەستێنە گشتییەکەدا تا ڕادەیەک بێخەمە. بۆ نموونه کۆڵبه‌رکوژی یا چاره‌نووسی «زارا» ئه‌وه‌نده‌ی «چیچه‌ک» له‌لای بژارده‌کانی خۆشمان گرینگیی پێ نادرێ. هۆی ئه‌مه بۆ چی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
له‌پێشدا با بڵێین چیچه‌کیش کورده و پێویسته هه‌موو کورد خۆی لێ به خاوه‌ن بکا. کێشه سه‌رنجدانی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان به چیچه‌که‌کان نییه، کێشه سه‌رنجنه‌دانی کوردی پارچه‌کانی دیکه و سه‌رنجدانی که‌می خودی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان به زاراکانه. ئه‌وه‌ش هۆکاری زۆره. له بنه‌ڕه‌تڕا مادام له ئێران‌دا ده‌رفه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی چالاکی بۆ کورده‌کان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ماف و مژاره‌کانی خۆیان نیه، ئه‌و ئێنێرژیییە ئینسانی و نه‌ته‌وایه‌تییه بۆ ماف و مژاری کورد له پارچه‌کانی دیکه‌دا ده‌کار ده‌خرێ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و بابه‌ته‌که بووبێته سووژه‌ی بیروڕای گشتیی جیهانی. ئه‌من ئه‌وه‌م پێ ئاساییه، به‌مه‌رجێک کوردی ڕۆژهه‌ڵات ماف و مژاره‌کانی خۆی له‌بیر بن و ماف و مژاری پارچه‌کانی دیکه‌ش وه‌ک ده‌رفه‌ت و بیانوو بۆ خستنه‌ڕووی ماف و مژاره‌کانی خۆیشی به‌کار ببا. لایه‌نێکی دیکه‌ی مه‌سه‌له‌که بۆ هاوده‌ستیی ناڕاسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵات و هێندێک لایه‌نی کوردی بۆ له په‌راوێزخستنی پرسی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌وه‌ش گرینگتر (گرینگتر چونکه ئه‌وه‌یان به‌ده‌ست خۆمانه) ده‌مه‌وێ ئیشاره به نایه‌كگرتوویی و نه‌بوونی وه‌ره‌قه‌یه‌کی کاری هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کاندا و لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگە بکه‌م. له‌بیرمان نه‌چێ ئه‌و هاوپێوهندییهی کۆمه‌ڵگەی ڕۆژهه‌ڵات پاش مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکرات نیشانی دا، بۆ هیچ پرسێکی پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستانی نه‌کردوه. من پێم وایه نووسه‌ران، شاعیران، هونه‌رمه‌ندان، نوێنه‌رانی پارلمان و ئۆرگانه محه‌للییه‌کان و به‌گشتی بژارده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌روه‌ک خۆمان ڕه‌خنه‌یان زۆر له‌سه‌ره و پێویسته بوێرانه‌تر و شێلگیرانه‌تر دۆخی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی له ڕۆڵه‌کانیان و له پرسی سیاسیی میلله‌ته‌که‌یان بکه‌نه سه‌ردێڕی کاره‌کانیان. به‌ڵام ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به هێزه سیاسییه‌کانیش به‌ستراوه‌ته‌وه که یه‌كگرتووانه و مه‌یدانیتر بجووڵێنه‌وه، ڕوانگه‌ی هاوبه‌ش و په‌یامی ڕوون و خۆراکی وێژمانی و که‌ره‌سته‌ی خه‌باتگێڕیی کاراتریان بده‌نێ. به‌کورتی هه‌ر خه‌ڵکی ناوخۆ نییه که پێویسته ڕۆژهه‌ڵاتیان زیاتر له‌بیر بێ، ئێمه بۆخۆشمان ده‌بێ زیاتر له خه‌می ڕۆژهه‌ڵاتدا بین.
لە پێوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا، وێ ناچێ ڕووداوەکانی ئێستای ڕۆژاوا، دوو ساڵ لەمەوبەر کەرکووک و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە بەغدا و لێکەوتەکانی بووبنه هۆی به‌خۆداچوونه‌وه و یه‌كگرتنی لایه‌نه‌کانی کورد. دەبێ چی ڕوو بدا کە ئێمە لەو قۆناغە دەرباز ببین؟
ئه‌وه‌ی سێ سه‌ت ساڵه به‌سه‌ر گه‌لی کورد دێ به‌تایبه‌تی له سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ده‌بوو زۆر پێش ئه‌و ڕووداوانه‌ی باسیان ده‌که‌ی یه‌کیان خستباین. به‌داخه‌وه وه‌رزشی میللیی کوردان نایهكگرتووییه. به‌ڵام ئه‌وه عه‌یبێکه که وه‌ک نه‌خۆشییه‌ک ده‌بێ هه‌م له‌گه‌ڵی بژین، هه‌م له‌گه‌ڵی شه‌ڕ بکه‌ین. ئه‌گه‌ر پێنج ساڵ پێش ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ت لێ کردبام، ده‌مگوت نا ئێستا شکور پێوه‌ندییه نێوخۆیییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد زۆر له جاران باشتره و شتی ناخۆشی ڕابردوو دووباره نابێته‌وه. ئێستا له‌و قسه‌یه‌ی خۆم وه گومان که‌وتووم. من پێم وایه بۆ ئه‌وه‌ی ساده‌ترین کاری هه‌ر میلله‌تێكی ژێر هه‌ڕه‌شه بکه‌ین، واته یه‌كگرتوو بین، پێویسته هه‌موو تاکه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان تهوازوعیان هه‌بێ و واز له خه‌ونی تاکه‌که‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سک و مه‌زنیخوازی بێنن. هیچ که‌س و هیچ لایه‌نێک نابێ له مهنزەلهتی قهییومیهتی هه‌موو ئه‌وانی دیکه قه‌رار بگرێ. پێویستمان به کۆمه‌ڵگەیه‌کی هه‌میشه چاو‌دێر و له مه‌یدان و له‌سه‌ر خه‌ت هه‌یه؛ پێویستمان به بژارده‌ی ژیر و به‌رپرسیار هه‌یه؛ پێویستمان به ڕێبه‌رانی وایه که به دیدی مێژوویی به‌ڵام به مه‌هاره‌تی ئه‌مڕۆیی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک دابڕێژن و جێبه‌جێی بکه‌ن که هه‌موو ئاسته‌کانی کایه‌ی سیاسیی کورد له‌نێوان پارچه جیاوازه‌کان و له هه‌ر پارچه‌یه‌کدا ڕوو به خۆمان و ڕوو به نه‌یاران و دنیای ده‌ره‌وه هه‌ماهه‌نگ بکا؛ پێویستمان به سیاسهتکردنێكی دابێژراو و داماڵڕاو له په‌راوێزی واریداتی و له ئه‌قڵیه‌تی بچووکی زیانبه‌خش هه‌یه، سیاسه‌تکردنێکی باوه‌ڕبه‌خۆ، نهتهوهویست و نه‌ته‌وه‌ساز، لاق له‌سه‌ر عه‌رز، فره‌ڕه‌هه‌ند، دهرسوهرگر له ڕابردوو و خاوه‌ن دووورهدیمهنی ڕوون و هیوابه‌خش. سیاسهتکردنێك که متمانه‌ی تاکی کوردی بخاته سه‌رووی هه‌موو شتێک، هه‌موو فره‌چه‌شنییه‌كانی ده‌روونی خۆمان ببینێ، له درز و دابه‌شبوونه‌کان که‌م بکاته‌وه، بنه‌مای خاک و نیشتمان و په‌رژینی نه‌ته‌وه‌ییمان پته‌و بکا و توانا و نه‌فه‌سی تاودانی مێژووییمان چه‌ند قات بباته‌سه‌ر.
دوکتور، ئێوه له‌م دواییانه‌دا سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتتان کرد. ئایا ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م جۆره سه‌فه‌رانه چین و به‌گشتی وه‌زعیه‌تی کار و تێکۆشانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له وڵاتانی ده‌ره‌وه و به‌گشتی کورده‌كان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئێمه نه له هه‌لومه‌رجی دژواری ئێستا و نه له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا نابێ له ڕاده و جۆری خه‌بات و تێکۆشانی خۆمان ڕازی بین و هه‌رده‌م پێویسته بۆ کاری زیاتر و ده‌سکه‌وتی باشتر تێ‌بکۆشین، له‌و باوه‌ڕه‌دام که پێویسته له هه‌ڵسه‌نگاندنی کار و هه‌وڵه‌کانمان له هه‌ر به‌ستێنێکدا مومکیناتی هه‌ر قۆناغێکمان له‌به‌رچاو بێ. وه‌ک ده‌زانن به زۆر هۆکاری سیاسی و ژیۆپۆلیتیک و به ده‌لایلی تایبه‌ت به دۆخ و خیسله‌تی کورده‌کان خۆیان، کاری ئێمه له بواری لۆبی و شوێن‌دانان له‌سه‌ر ناوه‌نده‌کانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی له‌و گه‌لانه‌ی خاوه‌ن ده‌وڵه‌تن یان به‌هه‌رحاڵ جوغرافیا و مێژوو که‌متر غه‌دری لێ کردوون، سه‌ختتره. کورد به گشتی و کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌روه‌ک له خودی کوردستان پێویستی به په‌سندکردنی ڕوانگه‌ی ستراتژیتر، ڕێکاری ژیرانه‌تر و یه‌كبوونی واقعیتر هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له چاو په‌نجا ساڵ و ته‌نانه‌ت ده ساڵ پێش ئێستا کورد له دنیادا جێگه و پێگه‌یه‌کی دیکه‌ی هه‌یه. ئه‌وه‌ش به‌شێکی بۆ خاوهندارییەتییهكی تۆکمه‌تر و به‌رچاوتر و به‌ربڵاوتری دیاسپۆڕای کوردی له مه‌سه‌له‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه. دیاره ئێستاش به تابعیه‌ت له لایه‌نه سیاسییه‌کانی کورد، که‌موکۆڕی و پرشوبڵاوی و ته‌سکبینی زۆر ده‌رفه‌ت نه‌زۆک ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌من به چاوی ڕێز و ئومێده‌وه ده‌ڕوانمه پۆتانسیه‌لی کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌تایبه‌تی کوردی ڕۆژهه‌ڵات. ئێمه له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌مان هه‌م له ساڵیادی مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکرات و هه‌م به‌تایبه‌تی له کاتی هێرشی تورکیه بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان بەباشی بۆ وه‌ده‌رکه‌وت. ئه‌گه‌ر ته‌نیا وه‌ك حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش چاو له مه‌سه‌له‌که بکه‌م، ڕێم بده بڵێم ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له وڵاتانی ده‌ره‌وه و کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كی هه‌رده‌م زیاتر که لێمان هه‌ن، له‌نێو بژارده‌کانی گه‌لانی هاوشێوه و له‌نێو لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستاندا سه‌رتۆپی لێهاتوویی و دڵسۆزی و له‌خۆبوردوویی بێ چاوه‌ڕوانین، له کاته هه‌ره سه‌خته‌کاندا هانابه‌خش و پشتیوان و ده‌ست و چاوی ئێمه بوون.