ئه‌حمه‌د قه‌ره‌مووس: کەنەکە لایەنەکانی کۆکردووەتەوە

كانون1/ديسمبر 13, 2019

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-لە دوایین کۆنگرەی کەنەکەدا بڕیاردرا شاندێک بۆ دیدار لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان پێکبهێنن، ئەم دیدارانە لەو چوارچێوەیەدان؟

" شەڕێکی سەرانسەریی بەرامبەر کورد دەستپێکردووە"

ئەحمەد قەرەمووس: ئەمە شتێکی نوێ نییە کە شاندەکانی کەنەکە بەم ئەرکە هەڵدەسێت، ئەرک و کاروخەباتی کەنەکەش بۆ ئەم مەبەستەیە کە خۆی لە یەکێتیی نەتەوەیی دەبینێتەوە، لەم دوو ساڵەی دواییشدا بەتایبەت دوای هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڕەشە و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەر لە چوارچێوەی هەڕەشەشدا نەمایەوە، بەڵکو لە باشور، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە بواری جێبەجێکردنیشەوە، ئێمە لە مەبەستی دەوڵەتی تورک تێدەگەین، کە شەڕێکی سەرانسەریی بەرامبەر کورد دەستپێکردووە، ئەمە بووەتە مەترسیی بۆسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد، تەنانەت هەبوون و نەبوونی گەلی کوردیش لە مەترسیدایە.

"ئەم بارودۆخە لە کۆنگرەی کەنەکەدا هەڵسەنگێندرا، بڕیاردرا بەگوێرەی ئەو دۆخە سیاسیی و جیۆپۆلەتیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە شاندێک پێکبهێندرێت و سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بکات، بۆئەوەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر قۆناغەکە بکرێت و گوێ لە بیروبۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانیان بگرین".

- واتە ئەم دیدار و کۆبوونەوانە تەنها ڕاوێژکارییە یاخود دەتانەوێت ئەنجامی کردەییشی هەبێت؟

"دەبێت بە کردەییش ڕێوشوێنی پێشوەخت بگرینەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان"

ئەحمەد قەرەمووس: سەردانەکانمان بە چەند هەنگاو دەبێت بۆ ئەم قۆناغە، ئەم دیدارانەش تەنها بۆ ڕاوێژکردن نییە لەگەڵ یەک، بەڵکو دەبێت بە کردەییش ڕێوشوێنی پێشوەخت بگرینە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، ڕێوشوێنی پێشوەختەش پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەییە، ئێمە زۆر بایەخ بە پێشخستنی هەڵوێستی نەتەوەیی دەدەین لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا.

-پشیوازیی ئەو لایەنانە چۆن هەڵدەسەنگێنن کە دیدارتان لەگەڵ کردوون؟

"بەبێ ڤیتۆ سەردانی هەموو لایەنەکانمان کردووە"

ئەحمەد قەرەمووس: ئەگەر ئێمە باشوری کوردستان وەک نموونە بگرینە دەست، بەبێ ڤیتۆ سەردانی هەموو لایەنەکانمان کردووە، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نەبێت کە ئێمە داوای دیداریشمان کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، تەنانەت لەگەڵ بەشێک لە دامودەزگا مەدەنییەکان و کەسایەتیی و هۆزیش دیدارمان کردووە، دوای باشوریش دەستمان بە دیدار کردووە لەگەڵ هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەموو لایەنەکانیش بە ئەرێنیی تەماشای دەستپێشخەریی و هەوڵەکانی ئێمە دەکەن.

"هەندێک هەستیاریی و ناکۆکی لەنێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، ئێمەش وەک کەنەکە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لایەنەکان بهێنینە لای یەک بۆ ئەوەی ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەربکەن، لایەنەکانیش بەخۆشحاڵییەوە ئەم دەستپێشخەرییەی ئێمەیان قبوڵکرد، بێگومانیش بۆ قۆناغی داهاتوو دەگەینە ئەنجامی باڵاتر".

- لایەنەکان ئامادەییان پیشانداوە ئەگەر لە داهاتوودا جۆرێک لە کۆبوونەوە یاخود کۆنفرانس ڕێکبخرێت بەشداریی تێدابکەن؟

"بیر لە ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتیی دەکەینەوە لە ئاستێکی باڵادا"

ئەحمەد قەرەمووس: ئێمە بیر لە ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتیی دەکەینەوە لە ئاستێکی باڵادا، بۆ ئەوەی ئاستەنگییەکانی بەردەم یەکێتیی نەتەوەییش بشکێندرێت، هەتا ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەرنەکرێت ئەستەم دەبێت کۆنگرەیەکی نەتەوەیی پێکبێت کە هەموو هێزەکان لەژێر سایەی خۆیدا کۆبکاتەوە.

- شاندەکەی ئێوە بۆ دیدارە لەگەڵ لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ئایا سەردانی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن؟

"ڕێگامان پێنەدرا بپەڕینەوە ڕۆژئاوای کوردستان"

ئەحمەد قەرەمووس: بێگومان باشور و ڕۆژئاوا لەیەک ئاستدا بوون بۆ ئەوەی ئێمە سەردانیان بکەین، هیوای بەهێزمان هەبوو بۆ سەردانیکردنی شاندی کەنەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەداخەوە ئاستەنگیی بۆ شاندەکەمان دروستکرا و ڕێگامان پێنەدرا بپەڕینەوە ڕۆژئاوا!.

- کێ ڕێگریی لێکردن؟

ئەحمەد قەرەمووس: بێگومان لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشورەوەیە.

- بۆچی دەسەڵاتدارانی باشور ئاستەنگتان بۆ دروست دەکەن؟ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بۆچی پێشوازیی لە ئێوە ناکات؟

"تاوەکو ئێستا هەڤاڵانی پارتی وەڵامی داواکاریەکانمانیان نەداوەتەوە بۆ کۆبوونەوە"

ئەحمەد قەرەمووس: دەکرێت ڕاگەیاندنەکان ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەو هەڤاڵانە بکەن کە بۆچی ئاستەنگمان بۆ دروست دەکەن، بەڕاستی من لەدڵەوە دەمخواست سەردانی بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بکەم، بەتایبەت دەمویست پیرۆزبایی لە بەڕێزان کاک نیچیرڤان و کاک مەسرور بکەین بەبۆنەی دەستبەکاربوونیانەوە، ئێمە بە نووسراویش داوای دیدارمان کردووە و نوێنەری کەنەکەش لە هەرێمی کوردستان سەردانیکردوون بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەڤاڵانە بەهیچ شێوەیەک وەڵامی داواکاریەکانمانیان نەداوەتەوە کە بۆچی نایانەوێت لەگەڵمان دابنیشن.

"ئێمە بە سەبرین و تێدەگەین ئەو هەستیارییەی کە لای هەندێک لە لایەنەکان هەیە، بەڵام ئێمە لە هەوڵ و ستراتیژی خۆمان ڕاناوەستین و هەنگاو بۆ دواوە نانێین، هیوادارین ئەو لایەنانەشی ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵمان، ڕێگای دیالۆگ بکەنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە گفتوگۆ بکەین بۆ کەمکردنەوەی هەستیارییەکانمان لەبەرامبەر یەکتر، لەمە زیاتر هیچ داواکارییەکی دیکەمان نییە".

-پێتوایە ئەم جۆرە نزیکایەتییە چ زیانێک بە یەکێتیی نەتەوەیی دەگەیەنێت؟

"هەتا چ ڕادەیەک بیر لە هەستیاریی دوژمن بکەینەوە و لەبەرچاوی بگرین؟"

ئەحمەد قەرەمووس: من هیچ زیانێک لە پێکهاتنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دا نابینم، بەڵام لە چ ئاستێکدا و بە چ شێوازێک؟ ئەوە بابەتی دانیشتن و گفتوگۆی نێوان لایەنەکانە، بەرژەوەندیی گەلی کورد و کوردستان لە یەکێتیی نەتەوەییدایە، ڕاستە دەبێت هەمووان هەستیارییەکانی وڵاتە دەرەکییەکانیش ببینین، بەڵام هەتا چ ڕادەیەک بیر لە هەستیاریی دوژمن بکەینەوە و لەبەرچاوی بگرین؟ بەر لە سێ هەفتە کاتێک تورکیا هێرشیکردە سەر ڕۆژئاوا، جەنابی مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا دەربڕی، لە بەرامبەردا ئەردۆغان بە ئاشکرا لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا بە شێوازێکی زۆر بێحورمەتانە هەڕەشەی لە کاک مەسعود کرد و وتی ئەمڕۆ ڕۆژئاوایە و سبەینێ سەرەی تۆیە، ئەردۆغان دژی هەبوونی کوردە و دەیەوێت وەک کۆیلە لەبەردەستیدابن، ئەگەر ئەمە هەستیاریی دوژمن بێت، بۆچی ئێمەی کورد هەستیارییمان نەبێت لەبەرامبەر دوژمندا؟.

- واتە گومانتان هەیە ئەم بەدەمەوەنەهاتنەی هەندێک لە لایەنەکان بۆ ئێوە دەستی دەرەکیی لەپشت بێت؟

ئەحمەد قەرەمووس: بێ شک و گومان دەوڵەتانی دەوروبەرمان دەستیان هەیە و نایانەوێت ئێمە یەکێتیی خۆمان پێکبهێنین.

- هەروەک جگەرخوێن-ی شاعیر دەڵێت ئەگەر ئێمە نەبینە یەک ئەوا دەڕۆین یەک بەیەک، ئەگەر ئەمڕۆش کورد نەبنە یەک، ئەوا یەک بەیەک دەڕۆن؟

"ئەم هەستە لای هەموو لایەنەکان هەیە، ئەی بۆچی نایەنە لای یەک؟"

ئەحمەد قەرەمووس: بێگومان ئەمە یەکێکە لەو تەوەرانەی لەگەڵ لایەنەکاندا گفتوگۆی لەسەر دەکەین، ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە، ئەم بابەتە لە کۆنگرەی دوایەمینی کەنەکەشدا دەستنیشانکرا، درکمان بەوەکردووە کە ئەم هەستە لای هەموو لایەنەکان هەیە، کە ئەم هەستە لای هەمووان هەیە ئەی بۆچی نایەنە لای یەک؟ لە هەندێک بواردا پێکەوە هەنگاو بنێین، لە هیچ قۆناغێکدا کورد بەم ئاستەی ئێستا پشتیوانی نەبووە، تەنانەت پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیش پێمان دەڵێن کە پێویستە ئێوەی کورد یەکێتیی خۆتان پێکبهێنن، ئەمە هەم داواکاریی خەڵکەکەمانە و هەمیش داواکاریی کەسایەتیی و ڕۆشنبیرەکان و دۆست و هاوڕێیانمانە.

س.ح

سه‌رچاوه‌: رۆژنیوز