سكرتێری گشتیی YNDKپیرۆزبایى لە حزبى رزگاریی كوردستان دەكات

میدیا - هەولێر

سكرتێری گشتیی YNDKسەردانی حزبى رزگاریی كوردستان ده‌كات و لە دیداریكدا وێڕای پیرۆزبایی (30)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبى رزگاریی كوردستان، گفتوگۆ ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە  كرا.

رۆژی دووشه‌ممه رێكه‌وتی‌ 15 - 8 - 2022، هه‌ڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەری هه‌ڤاڵان (قەهار تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەكەلی كارگێڕی مەكتەبی ناوەندی په‌یوەندییەكان)، سەردانی حزبى رزگاریی كوردستان-یان لە شاری هەولێر كردو, بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (رێكار ئه‌حمه‌د سکرتێرى حزبی رزگاری و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى حزبی رزگاری) پێشوازیكران, لەدیدارەكەدا سکرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى (30)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبی رزگاریی كوردستان پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاتری بۆ خواستن و، له‌ به‌رامبه‌ردا سکرتێرى حزبى رزگاریی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتیی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند بۆ ئەم پیرۆزبایی و سەردانییه‌، ئاماژەى بە هەڵوێستەكانی YNDK کرد سەبارەت بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكان.

لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان، لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.