داعش ئابلوقەی هێزەکانی روسیا لە تەدمیر دەدات و شارۆچکەی سوخنا کۆنترۆڵدەکات

تشرين1/أكتوير 01, 2019
چەکدارانی داعش، ئابلوقەی هێزەکانی روسیا لە شاری تەدمیر(پالمیرا) داوە، هاوکات  شارۆچکەی سوخناشیان کۆنترۆڵ کردوە.

ئاژانسی هەواڵی قاسیون، بە پشت بەستن بە زانیاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە داعش ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی فشاری زۆری چەکدارانی داعش، هێزی ئاسمانی روسیا شارۆچکەی سوخنای چۆڵکردوە و لەلایەن داعشەوە کۆنترۆلکراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی ئاژانسەکە چەکدارەکانی لە چەندین ناوچەی دیکەی سوریا لە لەشکرکێشیدان و هێزەکانی روسیا و هاوپیمانانیان لە شاری تەدمیر ئابلوقەداوە.

چەکدارانی داعش، ئاماژەیان بە کوشتنی زیاتر لە 20 چەکداری رژێمی سوریا و سوپای روسیا داوە.

مانگی رابردو، ژمارەیەك بەرپرسی فەرمی و شارەزەیان رایانگەیاند، رێكخراوی چەكداری داعش بە تەواوی شكستی نەهێناوە و دور نییە ئەو رێكخراوە لەژێر هەمان ناو یاخود ناوێكی دیكە لە ماوەی داهاتودا بگەڕێتەوە .بە پێچەوانەی وتەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە رایگەیاندبو رێكخراوی چەكداری داعش شكستیهێناوە، ژمارەیەك راپۆرتی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و نەتەوە یەكگرتوەكان و تەنانەت وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) پێیانوایە ئەو رێكخراوە هێشتا چالاكە.