سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی حیزبى دیمۆکراتى کوردستان پیرۆز دەكات

میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان و ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دیموکراتى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 76 حەفتا و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
برای بەڕێزمان كاك خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستان
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (76) حەفتاوشەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستان دەكەین و، ئومێد دەكەین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ ساڵیادى دامەزراندنى حیزبتان لە كاتێكدایە كەوا كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، لەهەمان کاتدا كاركردنمان بە ئاراستەى یەکێتى نەتەوەیى بەرەو سەرکەوتن و سەرفیرازیمان دەبات، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەشدا یەکگرتنەوەى هەردوو حزبى دیموکرات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕیزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
15 / 8 / 2021