سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران پیرۆز دەكات

میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان مستەفا هیجرى لێپرسراوى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران و ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کرد و، بەبۆنەى 76 حەفتا و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (76) حەفتاوشەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و، هیڤیدارین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) دەكەنەوە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەشدا یەکگرتنەوەى هەردوو حزبى دیموکرات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕیزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا.
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
15 / 8 / 2021