داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین هەوڵی جددی بدەن بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی شەهید سەربەست

میدیا- هه‌ولێر

له‌ بیست و یه‌كه‌مین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهید سەربەست مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسيی  YNDKو سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا، كه له‌ رۆژی‌ 31/5/2000  دوور لە هەموو یاسا و رێسایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی ره‌شی تیرۆریستان ده‌ستیان گەیشتە گیانی پاكی شەهید سەربەست و زۆر دڕندانه‌‌ شەهیدیان كرد، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیYNDK به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌كرد تیایدا هاتووه‌: بیست و یه‌ك ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپه‌رده‌بێت و تا ئێستا بكوژانی ئاشكرانەبوونه‌، ئەمەش بۆتە مایەى نیگەرانى ئێمەو بنەماڵەى شەهید، لێرەوە جارێکى دیکە داوا لە كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتى كوردستان و بەتایبەت به‌رێز مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان و ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار دەكەین، کەوا هەوڵى زیاتر بده‌ن بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردنى بكوژانی شەهید سەربەست و بەسزای دادگەرییانەی خۆیان بگەيەنن بۆئەوەى رۆحی شه‌هید ئارام بێت و ئێمەو بنەماڵەى شەهیدیش چیتر لە چاوەڕوانیدا نەمێنینەوە.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:  

 

لەبیست و یه‌كه‌مین ساڵیادی شەهیدكردنی(سەربەست مەحموود)دا:

داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین هەوڵی جددی  بدەن بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی شەهید سەربەست

 

 - جەماوەری وڵاتپارێزی كوردستان ...

 - كەس و كار و بنەماڵەی شەهید سەربەست...

ئەمڕۆ بیست و یه‌ك ساڵ بەسەر تیرۆركردنی نووسەرو سیاسەتمەدار شەهید سەربەست مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسيی  YNDKو سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون تێپەڕدەبێت، لەم رۆژەدا دوور لە هەموو یاسا و رێسایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی لە 31/5/2000 دەستی ره‌شی تیرۆریستان گەیشتە گیانی پاكی شەهید سەربەست و زۆر دڕندانه‌‌ شەهیدیان كرد.

  تیرۆریستان به‌شه‌هیدكردنی سه‌ربه‌ست مه‌حموود وایانزانی ده‌توانن رێگری له‌ YNDK بكه‌ن له‌ كاركردنی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، نه‌یانزانی شه‌هید سه‌ربه‌ست ده‌یان سه‌ربه‌ستی سه‌ربه‌خۆیيخوازی له ‌دوای خۆی په‌روه‌رده‌ و گۆشكردووه‌، هه‌موو ئه‌ندامێكی YNDK شه‌هید سه‌ربه‌ستن، خه‌بات بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن.

 شەهید سەربەست مەحموود لە بنەماڵەیەكی تێكۆشه‌ر پەروەرده‌ و گۆشكرابوو، بۆیه‌ لە رێزەكانی YNDK درێژەی بە خەبات و به‌رخۆدانیدا، جگە لەوەی سیاسەتمه‌دارێكی لێهاتوو بوو، لەهەمان كاتدا رۆژنامەنووسێكی بوێر و چه‌له‌نگ بوو، زۆر نه‌ته‌وه‌ییانه‌ رەخنەی لە سیاسەتی داگیركاری دوژمنانی كوردستان دەگرت، لە رێگەی نووسینەكانی هەموو كات نەخشە و پیلانەكانی داگیرکەرانى شرۆڤەدەكردن و لەدیدگایەكی وڵاتپارێزانە و بەشێوازێكی هێمنانە رووبەڕوویان دەبۆوە و دژی هەموو توندو تیژی و ئازار و تۆقاندنێك بوو، هەڵوێستە نەتەوەییەكانی زۆر كاریگەر بوون، بۆیە لەسەر ئاستی كوردستانی مه‌زن ناسراو بوو.

 بیست و یه‌ك ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپه‌رده‌بێت و تا ئێستا بكوژانی ئاشكرانەبوونه‌، ئەمەش بۆتە مایەى نیگەرانى ئێمەو بنەماڵەى شەهید، لێرەوە جارێکى دیکە داوا لە كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتى كوردستان و بەتایبەت به‌رێز مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان و ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار دەكەین، کەوا هەوڵى زیاتر بده‌ن بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردنى بكوژانی شەهید سەربەست و بەسزای دادگەرییانەی خۆیان بگەيەنن بۆئەوەى رۆحی شه‌هید ئارام بێت و ئێمەو بنەماڵەى شەهیدیش چیتر لە چاوەڕوانیدا نەمێنینەوە.

 -  سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوى شەهیدانی رێی سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان.

 - مردن رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

 

 

مه‌كته‌بی سیاسیی

    یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

10ی جۆزەردانى 2721ی كوردی

31 ی ئایارى 2021ی زایینی