ڕاپەڕینی قامشلۆ دەستپێکی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتە

پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە)، ڕایدەگەیەنێت: ڕاپەڕینی ١٢ی ئازاری قامشلۆ، بە واتای دەستپێکردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتە.

ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە، بەبۆنەی ١٧ هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی قامشلۆوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە ‌و تێیدا هاتوە: “١٧ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی ١٢ی ئازاردا تێدەپەڕێت ‌و هەوڵەکانی ڕژێمی بەعسی سوریا بۆ دروستکردنی كێشە لە نێوان کورد و عەرەب لە شاری قامشلۆ، بە ئامانجی ئاڵۆزكردنی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان ‌و لەناوبردنی ناسنامەی کورد لە ڕۆژئاوا و دابەشكردنی پێكهاتەكانی سوریا بەردەوامە ‌ كە بەوهۆیەوە، دەیان کورد شەهید بوون و سەدانیش دەستگیر كراون”.

پەیەدە، ئاماژەی بەوەیش كردوە: “شێوازی مامەڵەی ڕژێمی سووریا بۆ چارەسەری كێشەكان، سەركۆنە دەكەین بەتایبەت لە هەڵوێستی بەرامبەر دەوڵەتی تورك ‌و چەتەكانی كە خەریكی دابەشكردنی خاكی سووریان”.

پەیەدە لە كۆتاییدا دەڵێت: “ڕاپەڕینی ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤ی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕابەرایەتیی گەلی کورد، دەستپێکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات ‌و برایەتیی گەلان و ژیانێکی ئارام لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (عەرەب، کورد و ئاشووری) بوو بۆ وەڵامدانەوەی هەوڵەکانی ڕژێمی سووریا” ‌و جەختیش دەكاتەوە لەوەی، “بە دیالۆگ كێشەكانی سووریا چارەسەر بكرێن.”