ئەنجومەنی وەزیران چەند پەیڕەوێکی یاسای چاکسازی پەسەند دەکات

تموز/يوليو 15, 2020

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لە چوارچێوەی هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

پاشان ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ( پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و راگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش رەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و رۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.

ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی مایەکانی دەوڵەت لە لایەن ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە روو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنی مافی رەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج و پێداویستییەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەکان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبوون زەوییان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو، بەڵام تا ئيستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داد) راسپێردران پەلە بکەن لە راییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتیيانە.