ئێران له‌ ڕەشبگیریی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

تموز/يوليو 07, 2020

لە بەردەوامیی لێشاوێکی دیکەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەش هاوڵاتی دیکە لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ دەستگیرکران.

ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران ماوەیەکە دەستیان داوەتە لێشاوێکی دیکەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تادێت ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاتردەبێت.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەش هاوڵاتی دیکە لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ، سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە، دوێنێ هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران لە شاری بۆکان، گوندی ‘حاجی لەک’ـیان گەمارۆداوە و عەبدوڵا چاوشی-یان دەستگیرکردووە کە گۆرانیبێژێکی کوردە، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردووش هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی جەسیم مەجنونی خەڵکی مەهاباد و چوار هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی؛ ڕەحیم ڕەفعەت، ڕەحمان تابش، سەعید  تابناک و ئەسکەندەر محەمەدپور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا چارەنووسی ئەو شەش هاوڵاتییە نەزاندراوە.

بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ١٧ ڕۆژی ڕابردوو تا ئێستا، ١٩ هاوڵاتی کورد لە شارەکانی؛ سنە، مەهاباد، بۆکان، مەریوان، شنۆ و شاباد، دەستگیرکراون، کە یەکێکیان بە دادانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکراوە و یەکێکی دیکەیان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی نەقەدە، بەڵام چارەنووسی ١٧ کەسی دیکەیان نازاندرێت.