لە (32 )ەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا : پێویستە حكومەتی عێراق تەواوی زیان لێكەوتووانی هەڵەبجە قەرەبووبكاتەوە

   - جەماوەری دڵسۆزو وڵاتپارێزى كوردستان ..

   - كەس ‌و كارو بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانی هەڵەبجە و كوردستان ...

 

 ( 32 ) ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ؛ لەرۆژی 16/3/1988، رژێمی بەعسی رووخاو لە چوارچێوه‌ی جێبەجێكردنی پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیا زۆر دڕندانه‌ شاری هەڵەبجەی بە بۆمب ‌و رۆكێت كیمیابارانكردو له‌ ئه‌نجامدا زیاتر لە 5 پێنج هەزار كورد شەهید بوون و هەزارانی دیكەش بریندار بوون و ژماره‌یه‌كی زۆریش ئاوارەی سەرسنوورەكان بوون.

 كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە؛ تاوانێكی جه‌رگبڕ بوو، هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ بەكارهێنانی گازی كیمیایی لە دژی خەڵكی سڤیلی شاری هەڵەبجە جگە لەوه‌ی كە هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان‌ كوردبوون، رژێمی ئەوسای ئێراق ئەو كۆمەڵكوژییەی بە بەرچاوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی پاراستنی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئەنجامدا، شارێكی به‌ته‌واوی نوقمی ژه‌هر و كیمیایی كرد، له‌م كاتدا‌ هیچ دەوڵەت‌ و رێكخراوێك بەرامبەر ئەو تاوانە گه‌وره‌یه‌ دەنگیان هەڵنەبڕی، بۆیه‌ پێویسته‌ هەموو ئەم دەوڵەت‌ و كۆمپانیایانەی كە له‌وكاته‌دا هاوكاری رژێمی بەعسیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم گازە ژەهراوییانە له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی دادگایی بكرێن‌ و قەرەبووش به‌ زیانلێكه‌وتووان بده‌ن و به‌شداری ئاوه‌دانكردنه‌وه ‌و پاككردنه‌وه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شوێنه‌واری كیمیایی و به‌ژه‌هربوون بكه‌ن.

 له‌ئێستادا پارێزگای هەڵەبجە كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌, بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان، گرنگی زیاتر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها پێویستە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان لەرێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرنگى زیاتر بە شاره‌كه‌ بده‌ن، به‌تایبه‌ت چارەسەركردن و پاككردنەوەی شوێنەواری گازی كیمیایی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە و دەوروبەری, هه‌روه‌ها ئەو بریندارانەی كە تا ئێستا لە دەست ئازاری نەخۆشییەكانیان بەگازی كیمیایی دەناڵێنن, بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەركردنیان، له‌هه‌مان كاتدا كێشه‌ ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌م شاره‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێویستە سیمای شارەكە بگۆڕدرێت‌و وەكو شارێكی هاوچەرخ پارێزگارى لێبكرێ، لەسەر حكومەتی ئێراقیشە كە تەواوی زیان لێكەوتووانی گازی كیمیایی قەرەبوو بكاتەوە.

 ئێمە لەکاتێکدا کەوا یادى كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دەکەینەوە؛ ڤایرۆسی كۆرۆنا ‌وەک مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی لە بەشێکى زۆرى وڵاتان و جیهان بڵاوبۆتەوەو بەداخەوە كوردستانيشى گرتۆتەوە، پێویستە هاوڵاتیانى كوردستان به‌ئیڕاده‌وه‌ دوور له‌ترس و دڵه‌راوكێ رێنمایى و بنه‌ما خۆپارێزییه‌كان جێبەجێبکەن بۆئه‌وه‌ی دووربن له‌و په‌تا‌ كوشنده‌یه‌، هەروەها پێویستە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و هه‌موو لایه‌كمان هاوکاربین و به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییەوە هه‌ریه‌كه‌و به‌ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵبستین بۆ رێگرتن لە ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و ڤایرۆسه‌، له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریيه‌تی نیشتمانییه‌وه‌‌ ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ‌هه‌موو توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ هاوكاریكردنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌پێناو پاراستنی ‌خه‌ڵكی كوردستان.

 

- نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوى شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.

 

 

مەكتەبی سیاسيی

   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK

25ی رەشەمێی 2719ی كوردی - 16ی ئاداری 2020ی زایینی