ئەمڕۆ دوشەممە 9/3، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولیر، بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وبە ئامادەبونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.
لە کۆبونەوەکەدا، باس لە دوارێکار و ئامادەکارییەکانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبونەوەکە ستایشی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و وەزیر لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەی کرد لەدانانی پلان و هەنگاوەکانی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان ورایسپاردن بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەماهەنگی هەبێت لەنێوان گشت وەزارەت و دامودەزگاکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێت.
دواتر هەردو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی راپۆرتی خۆیان خستەرو سەبارەت بە هەنگاوەکانیان
بۆ روبەرو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پلانی داهاتویان لەو روەوە.
کۆبونەوە جەختی کردەوە لە گرنگی بەردەوامبون لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابون وەک کەمکردنەوەی قەرەبالغی و سنوردارکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاک و خاوێنی و پەیوەندی کردن بە بنکەکانی دیاری کراو لە کاتی بونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە توشبون بەو ڤایرۆسە.
پاش گفتوگۆکردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەروی پێشنیارەکان، بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:
١. لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 12-3-2020 تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 26-3-2020 دەبێتە پشوی فەرمی، و (ڕۆژانی 27و28-3-2020 پشوی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2020 دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.
٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ئەھلی) ڕۆژی شەممە 28-3-2020 پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی 1/4/2020 دەست پێدەکاتەوە.
۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوامدەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.
٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوامدەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.
٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی 15-3-2020 دەبێت و لە 16-3-2020 وە تاوەکو 1-4-2020 رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوامبونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.
٦- تەرخانکردنی قۆناغی دوەمی بودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوامبون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.
٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.
سهرچاوه: مالپهری خهندان