میدیا - هەولێر:
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە، وێڕاى پیرۆزبایى لە گەلى کوردستان و ماڵباتى شەهیدان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان، جەختدەکاتەوە سەر رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و کارکردن بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى و، رایدەگەیەنێت کە تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان دەتوانێت پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى بکات و بگات بە ئازادی و سهربهخۆیی کوردستان. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
پەیامى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە
- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...
- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...
- پێشمەرگە وڵاتپارێزەکانى کوردستان ...
جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت ...
بەبۆنەی هاتنەوەى جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و حزب و لایەنە سیاسییەکان رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى کوردستان و پێشمەرگە وڵاتپارێزەکانى کوردستان و زیندانیانى سیاسى نێو زیندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەكەم و، ئاواتەخوازم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی هێنانەدى سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان و رزگاربوونی نەتەوەكەمان لەژێردەستی داگیركەران.
وەک چۆن نەورۆز سیمبوڵی ئازادى و ژیانەوەو نوێبوونەوەو دەستپێكردنی ژیانێكی نوێیە، هیڤیدارم ئێمەی كورد وەكو نەورۆز دەست بە ژیانێكی نوێتر بكەین و کارنامەو بەرنامەیەكی نوێ بۆ کارو خەباتى داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئازادى و سەرخۆبوون و ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین و، نەورۆزى ئەمساڵمان بکەینە نەورۆزى سەرخۆبوون و ئازادى و یەکڕیزى و یەکدەنگیمان، بێگومان ئەمەیش بە رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدى، لەم پێناوەدا پێویستە بە زووترین کات ناوەندى سیاسیى کوردستان رێکبخرێتەوە و، (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش بە بەشدارى تەواوى هێزو لایەنەساسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت و، ببێتە خاڵى کۆکەرەوەى هەموو لایەک، بێگومان ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى باشوورى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى نەتەوەیى پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکبوونى کوردان و بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بکەین کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى كوردستانی مەزن بگرێتەخۆ و ببێتە خاڵى کۆکەرەوەى هەموو لایەکمان، ئەمەش ئەڕکێکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەم قۆناخە چارەنووسسازەى خەباتى گەلى کوردستانە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە کار بۆ ئەو ئامانجە بکەین، لەبەرئەوەى تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى دەتوانین پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بکەین و بگەین بە ئازادی و سهربهخۆیی کوردستان.
- جەماوەرى تێکۆشەرو خۆڕاگرى کوردستان ...
لێرەوە سڵاوو رێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکى خۆڕاگرى گەلەکەمان لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواو باشوورى کوردستان، لە ئامەد و مەهاباد و قامشلۆ و، کەرکوک و عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو زوڵم و داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجى قورسى ئەو سەرەڕۆییانەى خۆیان دەدەن و دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.
- کوردستانییانى خۆشەویست ...
کوردستان لە رەوشێکى زۆر ناسک و هەستیاردایە و، داگیرکەران لەهەر چوار لاوە کاردەن بۆ پەراوێزخستن و بێکاریگەر هێشتنەوەى کورد لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانى رۆژهەڵاتى ناڤیندا، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە بە بەرنامەو کارنەمەیەکى نوێ و یەکگرتووانە رووبەڕووى ئەو پیلان و سیاسەتە گڵاوانانەى داگیرکەرانى کوردستان بوەستینەوە و، رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و، بەرژەوەندى تەسکى حزبى بخەینەلاوە و کوردایەتى بکەین نەک حزبایەتى، ئەمەش دەبێتە زامنى بەهێزبوون و پێشکەوتن و مانەوەمان و گەیشتنمان بە مافە رەواکانمان.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەك.
هەر بژین و سەركەوتووبن و سەربەخۆیی كوردستان ببینن.
بژى کورد ... بژى کوردستان.
غەفوور مەخمووری
سكرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
1 ى نەورۆزى 2726ى كوردى
21/3/2026ى زايينى