پیرۆز بێت نەورۆز و (31)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری كوردستان ...

- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

ئەمڕۆ (31) سى و یەک ساڵ بەسەر دامەزراندن و تەمەنی پڕ لە خەبات و بەرخۆدانی YNDK تێدەپەڕێت، لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا لە 21 / 3 / 1995 ، YNDK وەک پێویستییەکى مێژوویى و بابەتى، وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەدایكبوو و، بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران و هەڵگرانى مەشخەڵى سەربەخۆیى کوردستان، YNDK لە کاتێکدا لەدایکبوو کە شەڕى ناوخۆ نەتەوەکەمانى بێئومێد و نیگەران کردبوو لە داهاتوو، لەدایکبوونى YNDK جارێکى دیکە هیواو دڵنیایى بۆ گەلى کوردستان گەڕاندەوە و، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕى ماڵوێرانى ناوخۆ هەوڵەکانى چڕبکاتەوەو بەدەیان کۆبوونەوەى فراوانى حزبە کوردستانییەکانى لە بارەگاى خۆى رێکخست و توانى بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، هەوڵەکانى YNDK لەم پێناوەدا بوونە هۆى خاوبوونەوەى گرژى و کێشەکان و زەمینەسازى بۆ ئاشتى.

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە سەرەتاى خەباتى خۆیەوە بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردنى جەماوەر و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، توانى كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دروست بكات، YNDK توانیویەتی لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بێت و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەكانی پیلانە نەگریسەكانی دوژمنانى کورد و داگیركەرانى كوردستان ئاشكراو ریسوا بكات ‌و رووبەڕوویان ببێتەوە‌.

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە پەروەردەى نەتەوەیی و ئاشناكردنی تاكى کورد بەناسنامەكەی و پەیوەستبوونی بە خاك و وڵات و کلتورى کوردى بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتیى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو خۆڕاگرانە رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDK وایكردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربكەوێ ‌و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا.

ئێمە لەكاتێكدا كەوا یادی (31)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەكەینەوە بەهۆی شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر كوردستان هەن، وایانكردووە كوردستان بكەوێتە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار، ئەوەتا لەلایەك حكومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنى سیاسەتى دژایەتیکردن و پەراوێزخستن و برسیکردنى گەلى کوردستان و، میلیشیا عێراقییەکانیش رۆژانە لەڕێى درۆن و موشەکەوە هێرش دەکەنە سەر کوردستان، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى بەغدا و میلیشیا عێراقییەکان تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون و هەمان رەفتارى رژێمى رووخاوى بەعس دووبارە دەکەنەوە، لەلایەكی دیكەوە داگیركەرانى کوردستان لەهەموو لایەكەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، لێرەوە ئێمە وەک هەمیشە تەواوى هەڕەشە و پیلانەکانى دوژمنان و داگیرکەران ئیدانەو شەرمەزار دەكەین و رەتیاندەکەینەوەو دژیان دەوەستینەوە، رەوشى ئێستاى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا وەک ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتیمانى پارێزگارى لە کوردستان بکەین و هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین.

بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەكان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و بەرخودان و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەك هەمیشە پشتیوانی و هاوكاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم رەوشەدا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی گەلی كوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، داڕشتنی بەرنامەی كارو خەبات بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەچاوكردنی بارودۆخیان بەكارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەدا ئێمە وەكو YNDK وەك هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت هاوکار دەبین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەك دەكەین كەوا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان كاربكەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بكەین و، بە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان و، پاراستنى دەسکەوتەکانى رۆژئاواى کوردستان، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى بکەین.

- جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان ...

سەبارەت بە رەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاو و پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییەى کەوا لە باشوورى کوردستاندا هەیە، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن بۆ ئەوەى دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کاربکەن بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، بۆ ئەم مەبەستە جارێكی دیكە داوای پێكهێنانی (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) دەکەین، كە ببێتە چەترێكى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و پشتیوانیکردن و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شكۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی و (31)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و، وێڕاى سڵاوو رێزمان ؛ هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی كوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرز رادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ رادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەك هەمیشە لەسەر رێبازی شەهیدان، رێبازی پیرۆزی كوردایەتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین لەپێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.

- نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) ‌و تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون ‌و ئازادی كوردستان.

- مردن‌ و رووڕەشی بۆ دوژمنان و داگیركەرانى كوردستان.

- بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.

 

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1 ى نەورۆزی 2726 ی كوردی

21/3/2026ى زايينى

هەولێر - باشوورى کوردستان

 

 

*تێبینى:* بەرەچاوکردنى رەوشى ئێستاى کوردستان، ئەمساڵ YNDK هیچ بۆنەو مەراسیمێکى پێشوازى لە بارەگاکانیدا ئەنجام نادات، بەڕێزان لە پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کەسایەتییە بەڕێزەکان لە کوردستان و دەرەوە دەتوانن لەڕێى ناردنى پەیامى پیرۆزبایى، ساڵیادى دامەزراندنى YNDK پیرۆزبکەن. ... لەگەڵ رێزماندا.